کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەدا ٨٢ی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ئێران بێکارن

16:09 - 4 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: زۆرتر لە سەدا ٨٠ی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ژێر گوشاری ئابووری و بێکاریدا بە سەر دەبەن و ئەم رێژەیەش رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیاد بوونە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جێگری سەرکۆماری رێژیمی ئێران لە بواری کاروباری ژنان و بنەماڵە رایگەیاندووە کە لە سەدا ٨٢ی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە بێکارن و ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی ئاخرین ئامارە فەرمییەکان، نرخی بێکاری ژنان لە ئێران زیاتر لە دوو بەرانبەر و نیو نرخی بێکاری پیاوان دایە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نرخی بێکاری لە نێو ژناندا بەرزبوونەوەیەکی زۆری بە خۆووە بینیوە.

ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران کە یەکێک لە دوو ناوەندی بلاوکردنەوەی فەرمیی ئاماری رێژیمی ئێرانە، نیشان دەدات کە نرخی بێکاری لە نێوان ژناندا لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە سەدا ٣٢،٦ بووە.

بە پێی ئامارەکان، نرخی بیكاریی ژنان لە ماوەی ٩ ساڵی رابردوودا بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و ئێستاکە گەییشتووەتە لەسەدا ٤٣،٤ و راپۆرتەکان باس لە بەرزبوونەوەی رۆژلەدوای رۆژی ئەو ئامارە دەکەن.

بەرزبوونەوەی نرخی بێکاریی ژنان و هەروەها بیكاریی لەسەدا ٨٢ی ژنانی سەرپەرستیی بنەماڵە لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە رێژەی ژنانی کارتون‌خەو لە ئێران بە شێوەیەکی بەرجاو بەرز بێتەوە.

ئامارەکان دەری دەخەن کە رێژەی ژنانی کارتون‌خەو لە ئێراندا لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢،٥ قات زیادی کردووە.

چالاکانی بواری ژنان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژنان لە ئێران یەکەمین قوربانیی لە سەر کار دەرکران، حەقدەستی کەم و هەڵاواردنی جنسییەتین.

زۆربوونی نەخۆشییە دەروونییەکان یەکێک لە پاشهاتەکانی بەرزبوونەوەی بێکاریی ژنان لە ئێران هەرژمار دەکرێت.

لەم پێوەندییەدا، وەزیری دەرمان و پەروەردەی پزشکیی رێژیمی ئێران رایگەیاندبوو: زیاتر لە سەدا ٥٠ی هۆکاری نەخۆشییە پێوەندیدارەکان بۆ هەژاری، هەڵاواردن، شوێنی جوغرافیایی دەگەڕێتەوە و هۆکاری ژنێتیکی لە سەدا ٢٥ی هۆکاری نەخۆشییە دەروونییەکان پێک دەهێنێت.

گەمارۆ ئابوورییە پەسندکراوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە قەوارەی ئابووری ئێران بە توندی زیانی پێدەگات و ئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی رەخساندنی هەلی کار و بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری هەژمار دەکرێت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە سەدا ٧٠ی یەکەکانی بەرهەمهێنەر و پیشەیی لە ئێران، بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری و گەمارۆ ئابوورییەکان داخراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە سەدان هەزار کەس لە حەشیمەتی ئەو وڵاتە بێکار ببن.

ئەمە لە حاڵیکدایە کە رێژیمی ئێران بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ئەو رێژیمە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی بە دواوە نەبووە.

کازیوە.ر