کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو ١٤ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئێران کەم بووەتەوە

21:13 - 18 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی رێکخراوی دارستان و لێڕەوارەکانی ئێران رایگەیاند کە پانتایی دارستانەکانی ئێران لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو وەک خۆی نەماوتەوە و لەو ماوەیەدا ١٤ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لە ناو چوون.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، جێگری وەزیری جەهادی کیشاوەرزیی رێژیمی ئێران رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاندووە: ئێران بە هۆی بیابانەکان ساڵانە زیاتر لە هەزار میلیارد تمەن زیانی پێدەگات.

نابروا لە درێژەدا وتی: ٧ میلیۆن هێکتار شوێنی قەیرانی لە وڵاتدا هەیە بەڵام بوودجەی رێکخراوی دارستانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە نزیک بە ٣٠ میلیارد ریاڵ لە ساڵێک دایە.

ئەو کاربەدەستەی رێژیم هەروەها رایگەیاند:رێژەی دارستانەکان لە ئێراندا نزیک بە ١٤ میلیۆن هێکتارە کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا ١٤ هەزار هێکتار لەو دارستانانە بە تەواوەتی لەناو چوونە.

بەپێی راپۆرتی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی کە دارستانی وڵاتانی جۆراجۆری هەڵسەنگاندووە رایگەیاندووە: لە نێوان ١٧٨ وڵاتی جیهاندا ئێران لە بواری پاراستنی دارستانەکان پلەی ١٦مین هەیە و لە ١٠٠ کۆی نمرە ئێران ٨٤ی بەدەست هێناوە.

بەهۆی وشکبوونی زۆنگەکان و کەمیی ئاو لە ئێراندا زۆربەی دارستانەکان هەڕەشەی لەناوچونیان لەسەرە، دارستانەکانی ئێران دۆخێکی زۆر مەترسیداریان هەیە بە شێوەیەک کە لە هەر چرکەیەکدا ٣٦٠ میتری چوارگۆشە لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئێران لە ناو دەچن کە ئەوەش لە ٥ ساڵی دیکە یەک میلیۆن هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لەناو دەچن بە واتایەکی دیکە ساڵانە لەسەدا ١،٥ لە دارستانەکانی ئێران لەناو دەچن کە ئەگەر ئەو رەوتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت هەتا ٦٠ ساڵی دیکە هیچ دارستانێک لە ئێراندا نامێنێت.

کێشەکانی وەکوو نەبوونی یاسا و نەبوونی هاوئاهەنگی راست ‌و درووست لە زەمینەکان، گۆڕینی بەکارهێنانی زوەی و زار و کەڵک وەرگرتنی هەڵە لە زەمین، درووست کردنی جاددە و رێگەوبان بێ لەبەر چاوگرتنی پاراستنی ژینگە، نەبوونی ئاو، کەڵک وەرگرتن لە دارستانەکان بۆ لەوەڕگە و ... بووەتەوە هۆی ئەوەیکە دارستانەکانی ئەو وڵاتە ئەگەری لەناو چوونیان لەسەر بێت.

گادەر. د