کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

20:29 - 10 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران لە رۆژی دیاریکراودا دوای راگەیەندراوی ناوەندی سینفی مامۆستایانی ئێران بە بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای مامۆستایان هاتنە سەر شەقامەکان.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران دوای راگەیەندراوی ناوەندی سینفی مامۆستایانی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بارودۆخی ئیستای مامۆستایان بەرەوپیری ئەو بانگەوزاە هاتن و لەسەر شەقامەکانی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە شارەکانی کوردستان مامۆستایان بە چوونە بەردەم ئیدارەی پەروەدە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی خراپی مووچە و ژیانی خۆیان دەربڕی.
خۆپیشاندانی مامۆستایان لەسەر بانگەوازی کانوونی سینفی مامۆستایانی ئێران بووە و بڕیارە کاتژمێر ٢ هەتا ٤ی پاشنیوەڕۆ مامۆستایانی تارانیش لەبەردەم مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک بێنن.

پرسی مووچەی مامۆستایان سەرەکی‌ترین خواستی مامۆستایانی ناڕازییە، کە بە گوتەی مەحموود بەهەشتی، وتەبێژی کانونی سینفی مامۆستایانی ئێران، مامۆستایان خوازیاری ئەوە بوونە کە لە بوودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەسەدا ٧٠ زیاد بکرێت.

گادەر. د