کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

من شارلیم، داخستنی رۆژنامەی \"مردم امروز\"ی بەدواوە بوو

18:36 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سەردێڕی رۆژنامەی مەردۆمی ئەمڕۆ(مردم امروز) لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆری پاریس، داخستنی ئەم رۆژنامەیەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرش بۆ دەفتەری بڵاڤۆکی شارلی ئیبدۆ لە پاریس و هاوخەمیی رۆژنامە، بڵاڤۆک، رۆژنامەنووسان و زۆربەی تۆێژەکانی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ شارلی ئێبدۆ، ئەم پرسە لە ئێراندا لەگەڵ هەڵوێستی جیاوازی رێژیمی ئیسلامی بەرەوڕوو بووەوە.

لە نوێترین حاڵەتدا، رۆژنامەی مەردۆمی ئەمڕۆ بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی جۆرج کلۆنی بە ئێتیکتی من شارلیم لەسەر سینگ و سەردێڕی کلۆنی: منیش شارلیم لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیمی ئێرانەوە داخرا.

رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، رۆژنامەی مەردۆمی ئەمڕۆ بە بڕیاری لێکۆڵەری لقی ٢ی دادسەرای فەرهەنگ و رەسانە تەنیا پاش بڵاوبوونەوەی ١٩ ژمارە، داخرا.

رۆژنامەی مەردۆمی ئەمڕۆ بە هۆی سەردێڕی منیش شارلیم، لەلایەن راگەیاندنە توندڕەوەکانی سەر بە رێبەری رێژیمی ئێران وەک کەیهان کەووتبووە بەر رەخنەی توند و هەڕەشە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، حەفتەنامەی یالثارات الحسین سەر بە گرووپی ئەنساری حیزبووڵڵای رێژیمی ئێران، لە تازەترین ژمارەی خۆیدا، تاوتوێی هیرش کردنەسەر بلاڤۆکی شارلی ئیبدۆی کردووە و ئەو کردەوە تێرۆریستییەی بە کارێکی پیرۆز وەسف کردوە.

هەروەها، رۆژنامەی کەیهان لە نووسراوەی رۆژدا سەبارەت بە دروشمی من شارلی ئێبدۆم دژکردەوەی نیشان داوە و سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی فتوای خومەینی دژی سەلمان رۆشدی، نووسەری ئینگلیسی، ئەو دروشمەی وەرگێڕاوی دروشمی منیش سەڵمان رۆشدیم ناو بردبوو.

وێڕای میدیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران و خامنەیی، پێشنوێژی کاتیی تارانیش لە کردەوەی تیرۆریستی چەند رۆژ لەمەوبەری پاریس پاڵپشتیی کرد.