کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موراد قه‌ره‌یلان: ئه‌گه‌ر توركیه‌ شه‌رته‌كانی ئێمه‌ قه‌بووڵ نه‌كات، ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یەنین

21:11 - 1 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: ئه‌ندامێكی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پ ك ك ڕایگه‌یاند كه‌، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیه‌ شه‌رت و مه‌رجه‌كانی ئێمه‌ قه‌بووڵ نه‌كات، ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆیی و جودابوونه‌وه‌ی كوردستانی باکوور له‌ خاكی توركیه‌ ڕاده‌گه‌یەنین.

به‌پێی ئه‌‏و‌ هه‌واڵانه‌ی كه‌ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پ ك ك، له‌ لێدوانێكیدا ڕایگه‌یاند كه‌؛ تاكه‌ ڕێگای چاره‌سه‌ریی پرسی كورد له‌ توركیه‌ ئازادكردنی ئۆجه‌لان و قه‌بووڵكردنی خۆسه‌ریی دێموكراتیكه‌.

قه‌ره‌یلان هه‌روه‌ها ده‌ڵێ كه‌؛ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیه‌ كۆتایی به‌ هێرشه‌كانی نه‌هێنێ، یان هێزه‌كانی خۆی له‌ خاكی كوردستان نه‌كشێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وانیش هه‌ڵوێست و ڕێگه‌ی دیكه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌وكات بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی باكوور و جیابوونه‌وه‌ له‌ خاكی توركیاش ده‌كه‌نه‌وه‌.

ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ كه؛‌ كورد سه‌بری ئه‌یووبی نییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌ردۆغان خۆسه‌ریی دێموكراتیك قه‌بووڵ نه‌كات و هاوكات هه‏و‌ڵی له‌نێوبردنی كورد بدات، ئێمه‌ش بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ خاكی توركیه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌ردۆغان دانی به‌ كوردستانی باشووردا ناوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و به‌شه‌ له‌ خاكی كوردستان دژایه‌تیش ناكات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ چۆنه‌ كه‌ كوردستانی باشوور به‌ ٦ میلیۆن حه‌شیمه‌تەوە ئه‌و مافه‌ی هه‌یه،‌ به‌ڵام كوردستانی باكوور به‌ ٢٠ میلیۆن نه‌فه‌ر حه‌شیمه‌تەوە ئه‌و مافه‌ی نییه‌.