کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناوی هاووڵاتییەکی کورد لە ئورمیە

18:26 - 22 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە بە هۆکارێکی ناڕوون گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوی فەرشید ئەمینی بە هۆکارێکی ناڕوون گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە کوردە کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ لە باری روحی و جەستەیی بەتەواوەتی شڵەژاوە و باری تەندروستی جەستەیی زۆر نائاسایی دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاند، بنەماڵەی فەرشید دوای بینینی بارودۆخی جەستەیی کوڕەکەیان، ناوبراو بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ئورمیە رەوانە دەکەن و دوای ١٥ رۆژ مانەوە لە کۆمادا گیانی لە دەست دەدا.

فەرشید ئەمینی بەر لەبردنی بۆ نەخۆشخانە شوێنی ئەشکەنجەی لەسەر جەستەی دیار بووە.

بنەماڵەی فەرشید لەسەر جەستەی ئەشکەنجە کراوی ناوبراو سکاڵایان تۆمار کردووە و پزیشکی دادوەری شاری ئورمیەش ئەشکەنجەی جەستەیی فەرشیدی تەئید کردووە بەڵام، دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کاربەدەستانی رێژیمی ئێران رایانگەیاندووە کە لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەی مەرگی گوماناوی فەرشید ناکرێت و بیانوگەلی جۆراوجۆریان هێناوەتەوە.

فەرشید ئەمینی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە دایک بووە و دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی خاوەنی کورێک بووە.