کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان/ رێوڕەسمێک لە ژێر ناوی \"رۆژێکم بۆ زرێبار\" بەڕێوەچوو

14:20 - 25 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە بە مەبەستی پشتیوانی لە پاراستنی زرێبار رێوڕەسمێک لە ژێر ناوی رۆژێکم بۆ زرێبار بەڕیووەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٤ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە سەیرانگای زرێبار بە مەبەستی پاراستنی ژینگە پارێزی و بە تایبەتی پاراستنی گۆلی زرێبار، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.

سەرەتا، پەیامی ئەنجومەنی سەوزی چیا لەلایەن رێکخراوی ژینگە پارێزانەوە پێشکەش کرا.

پاشان مەحموود موبارەکشایی چەند وتەیەکی سەبارەت بە قەیرانی زرێبار و ئەو گرفتانەی کە زرێبار تووشی بووە، خستە بەرباس و هەروەها لەلایەن خەڵکی مەریوانەوە داوای لە بەرپرسان کرد کە دەبێ بە شێوەیەکی جیددی بیر لە رێگە چارە بۆ ئەم قەیرانە بکەنەوە.

لە بڕگەی دیکەی بەرنامەکەدا ویڕای پێشکەشکردنی چەند پارچە مووسیقی، شانۆیەکیش لەسەر سروشت و ژینگە لەلایەن هونەرمەندانی ئەم شارەوە، پێشکەس کرا.

هەر لەم پەیوەندییەدا، جێگەی ئاماژەیە کە ئەنجومەنە ژینگە پارێزییەکانی پارێزگای سنە لە سەرجەم شارەکانی سنە، سەقز، بانە، کامیاران و جوانڕۆ لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارییان کردبوو و پەیامی رێکخراوەکەیان ئاڕاستەی خەڵک کرد.

شایەتحاڵانی ئەم رێوڕەسمە باس لەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری لیباس شەخسی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لەو رێوڕەسمەدا ئامادە بوون و لە هەوڵی بێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕەدا بوون و بە گشتی خەڵکییان خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەشدار بووانیش رایانگەیاندووە کە بە هێچ شێوەیەک ناهێڵین زرێبار وەک دەریاچەی ئورمیەی لێبێت و بەرپرسان ئەبێ وڵامدەر بن.

کازیوە.ر