کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران بێکاریی لەو وڵاتە وەک قەیران وەسف کرد

14:43 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسی ناوەندی ئاماری ئێران بارودۆخی بێکاریی لە ئێران تێپەڕیو لە هێڵی قەیران راگەیاندووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، عادڵ ئازەر، بەرپرسی ناوەندی ئاماری ئێران، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، رایگەیاند کە نرخی بێکاری لاوان لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتە لە بواری بێکاری بە ناوچەی قەیران بگات.

بەرپرسی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران جەختی کردووە کە ئیستانداردەکان دەڵێن، هەر کاتێک کە نرخی بێکاری لاوان، لانیکەم ٢ بەرانبەری نرخی بێکاری گشتی بوو، بە خاڵی قەیران گەیشتوون و رایگەیاندووە کە بە لەبەرچاو گرتنی ئیستاندارد، ئێران هەنووکە لە بواری بێکاری لەگەڵ قەیران بەرەوروو بووەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی رێژیمی ئێران، نرخی بێکاری لە نێوان لاوانی ئێرانی لە سەدا ٢١ بەراورد کراوە.

بەپێی ئامارەکان، نرخی بێکاری لە نێوان لاوانی ئێرانی لە وەرزی پاییز و زستان بە نزیک لە سەدا ٣٠ دەگات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێران و بانکی ناوەندی بڵاو دەکردرێتەوە، پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران وەک ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە لە بێکارترین پارێزگاکانی ئێران بە ئەژمار دێن.

داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و بەرهەمهێنەرەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری قەیرانی ئابووری و دابەزینی رەخساندنی هەلی کار و بەرز بوونەوەی نرخی بێکاری لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران دێنە ئەژمار.

زیاد بوونی لەڕادەبەدەری بێکاری لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی رێژیم بەردەوام بەلێنیی باشتر بوونی دۆخ و هەلی کار لە کوردستانیان داوە و هەنووکە هیچکام لە بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون.