کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ نیزامیی ئەرتەشی سووریە لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کران

20:12 - 27 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بە داوای ئەوەی قاسم سلێمانی فەرماندەری سپای قودس، بۆ چاوەدێریی عەمەلییات چوو بۆ دەرعا، ١٢ نیزامی ئەرتەشی سووریە ئێعدام کران.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی العرەبیە، پاش مەئمورییەتی قاسم سلێمانی، فەرماندەری سپای قودس بۆ سەردان و چاوەدێریی عەمەلیاتی نیزامی بۆ سووریە رۆیشت، ١٢ کەس لە هێزە نیزامییەکانی ئەرتەشی سووریە کە زۆربەیان ئەفسەر بوون، بە تۆمەتی خەیانەتی نیزامی و پەیوەندی لەگەڵ دژبەران، ئێعدام کران.

دەرەنجامێکی دیکەی سەردانی قاسم سلێمانی لە عەمەڵیاتی نیزامیی ئەرتەشی سووریە لە دەرعا، لابردنی فەرماندەری عەمەلیاتی ئەرتەشی سووریە لە ناوچەی باشوور بوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، فەرماندەری عەمەلییاتی ئەرتەشی سووریە لە ناوچەی باشووری سووریە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ دژبەران، لە سەر کار لابردراوە.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەرتەشی سووریە و میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە هاوکاریی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، هێرشێکی بەرینیان دژ بە دژبەران لە ناوچەی سنووری لە نزیکی ئوردون و ئیسرائیل دەست پێکردوە.
بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەردەوام لە سەر هاوکاریی ستراتژیک لەگەڵ سووریە جەختیان کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە سووریە بۆ ئێران هێڵی سوورە و پشتیوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە رێژیمی سووریە بێ‌سنوور وەسف کردووە.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریە بەشدارن و شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی سووریە هاووڵاتییان دەکوژن.

رێژیمی ئێران سەرەڕای ناردنی هێزی سپای پاسداران بۆ سووریە و هەروەها هەناردنی کەسانێک بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد، لە ماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریە، بڕی پارەیەکی زۆریشیان خەرج کردووە.

کارناسانی نیزامی لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و بەشداریی نیزامی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، رێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر باری تێچوویەک بە بڕی ٩ هەتا ١٥ میلیارد دولار.

ئاویەر.ت