کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە ئورمیە، دانیشتوانی ئەو شارەی وەزاڵە هێناوە

13:41 - 17 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ٥٠٧ گوندی پارێزگای ئورمیە بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، لە ئاوی خواردنەوەی خاوێن بێبەشن.

هەواڵدرییەکانی ئورمیە بڵاویان کردووەتەوە، بەرپرسانی ئابفا رایگەیاندووە کە ٥٠٧ گوندی پارێزگای ئورمیە لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن و لەو بارەیەوە هیچ خزمەتگوازرییەکیان بۆ نەکراوە.

بێبەشی هاووڵاتییان و دانیشتووانی ئەو ٥٠٧ گوندە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی پەیوەندیداری رێژیم لەو گرفتە ئاگادارن و سەرەڕای دانی بەڵێنی جۆراوجۆر و زریقەدار، هەوڵێکیان لەمەڕ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەداوە.

ماددەی ١١ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، راشکاوانە مافی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان کە خۆراک، پۆشاک و سەرپەنای پێویستە بە فەرمی دەناسێت.

بەندی \'\'ب\'\'ی ماددەی ١٢ی ئەو جاڕنامەیە، دەوڵەتەکان لە گرتنەبەری تێکڕای رێوشوێنەکان لەمەڕ باشترکردنی ژینگە و تەندروستیی پیشەیی هاووڵاتییان بە بەرپرسیار دەزانێت.

بەپشت‌بەستن بە ئامارە فەرمییەکانی رێژیم، دانیشتوانی ٢ هەزار و ٨٣٩ گوند لە پارێزگای ئورمیە، ٥٠٧ گوند لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن و ١١٦ گوندی دیکەش لەگەڵ کێشەی بێ ئاوی بەرەوڕوونە.

کازیوە.ر