کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزانەی ئەمساڵی حکومەت گرانی و کەم داهاتییە

14:15 - 24 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: خەڵکی ئێران و بەتایبەت توێژە کەم داهاتەکان ساڵی نوێی خۆیان بە چوونەسەری ڕێژەی نەخدینەیی و کەمی داهات و چوونەسەری نرخی شتوومەکەکان دەست پێ دەکەن.

لە حاڵێکدا کە دوایین ڕاپۆرتە فەرمییەکانی حکوومەتی باس لە چوونەسەری ڕێژەی نەخدینەیی ٢٧%، واتە ٩٦٩ هەزار و ٣٩٠ میلیارد تمەن، لە ١٢ مانگی ڕابردوودا دەکەن، نوێنەری کرێکاران ڕایانگەیاندووە کە سەرباری زیادکردنی حەقدەستەکان، هێزی کڕین و دابین کردنی بژێوی ژیان دیسان کەمی کردووە.

ڕۆژنامەی ابرار اقتصادی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ ئەگەرچی وەزارەتی کار حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ٩٥، ١٤% زیادی کردووە بەڵام دوا لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان دەریان خستووە کە دیسانەوە هێزی کڕینی خەڵک بەتایبەت توێژی کرێکار دادەبەزێت.

ئەم هەواڵانە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرانبوونی بەشێک لە پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک لەوانەش هێلکە، گۆشت ، میوە، سووتەمەنییەکان و بەتایبەت بێنزین.

دەوڵەتی بەناو تدبیر و امید لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوویدا داهاتی سەرەکیی دەوڵەتی بە فرۆشی نەوت بەستووەتەوە؛ هەروەها دەوڵەت بەتەمایە لە ساڵی داهاتوودا گەشەی ئابووریی بە یارمەتی بردنەسەری بناغەی دراو بهێنێتەدی کە کۆی ئەم پرسانە، وەک ئابوریناسان دەڵێن مزگێنی شەپۆلێکی نوێ لە گرانی دەدەن بە دەستەوە.