کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی ئێرانی ــ ئامریکایی تاوانی پێدانی زانیاریی نیزامی بۆ ئێران وەئەستۆ گرت

19:09 - 7 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: گومان لێکراوێکی ئێرانی ــ ئامریکایی، تاوانی گواستنەوە و پێدانی زانیاریی هەستیاری پەیوەندیدار بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئامریکای بۆ ئێران وەئەستۆ گرتووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، موزەفەر خەزاعی تەمەن ٦٠ ساڵ و هاووڵاتیی ئێرانی ــ ئامریکایی کە وەکوو کەسێکی پەیمانکار و فرۆشیار بۆ ئەو شیرکەتانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بەستووە؛ هەڵسووڕانی هەبووە تاوانی وەپاڵدراوی خۆی لەلایەن دەزگایی قەزایی ئامریکا لە ژێر ناوی پێدانی زانیاریی نیزامی بۆ ئێران، وەئەستۆ گرتووە.

ئەو هاووڵاتییە ئێرانی ــ ئامریکاییە، زانیاری پەیوەندییدار بە مۆتۆری فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ٣٥ و ئێف ٢٢ی لە رێگای ئەو شیرکەتانەی کە کاری تێدا کردووە، وەکوو پرێت ئەند ویتنی بۆ ئێران ناردووە و یاسای کۆنتڕۆڵکردنی هەناردنی چەک‌وچۆڵی ئامریکای پێشێل کردووە.

محەممەد خەزاعی، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە فڕۆکەخانەی نیوجێرسی لە کاتێکدا کە ویستوویەتی لەوێوە بچێت بۆ ئاڵمان و دواتر بۆ ئێران سەردان بکات؛ دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە ئێرانی ــ ئامریکاییە کە لە هەوڵی ئەوە دابووە بە هەناردنی زانیاریی نیزامی بۆ ئێران پیشە و هەڵکەوتەیەکی بەرچاو بەدەست بێنێت، هەنووکە بە قەبووڵکردنی تاوانەکانی خۆی ئەگەری ئەوە هەیە کە ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ ببڕدرێتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو و بە بەرزبوونەوەی گەمارۆی هەمە لایەنە دژی رێژیمی ئێران، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی بە رەگەزی جیاواز لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکایی بە پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی کە دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون بە زیندان و جەریمەی نەختی مەحکووم کراون.

ئاویەر. ت