کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوشداری جان‌کێری سەبارەت بە ئەگەری شکستی دانوستانە ناوکییەکان

16:47 - 15 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا سەرەڕای دانیشتنەکانی چەند رۆژەی لایەنەکان نیگەرانی لەئەگەری سەر نەگرتنی دانوستانەکان دەربڕیوە و رایگەیاندووە هەتا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ئەو جێگایەی کە پێویستە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتوویەتی: لەکاتی کۆتایی دانوستانەکان نزیک بووینەتەوە و هاوکاتیش باسی لەئەگەری شکستی وتووێژەکان کردووە.

هەروەها کێری لەنوهەمین رۆژی دانووستانە ناوکییەکان لە نێوان گرووپی ١+٥ و ئێران لە ڤییەن باسی لەوەش کردووە: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە پرسی دانوستانە ناوکییەکان یەکلایی بکەینەوە و پێویستە ئێرانیش لەو پێوەندییەدا هاوکار بێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا وێڕای ئاماژە بە قسەکانی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران کە وتبووی دوو لایەنی دانوستانکار زۆر لەیەک نزیکن، ئاشکرای کردووە، ئەگەری هەر جۆرە بڕیارێک لە دانووستانەکاندا هەیە.

کێری هوشداری ئەوەشی داوە ئەگەر لەگەل ئێران نەگەینە رێککەوتنێکی هەمە لایەنە ئەوە بە دڵنیاییەوە میزی وتووێژەکان بەجێ‌دەهێڵین.

پێشتریش باراک ئۆباما سەرکۆماری وڵاتی ئەمریکا باسی لەوە کردبوو ئەگەر ئێران مل بۆ رێککەوتنەکان نەدات ئەوە میزی وتووێژەکان بەجێ دەهێڵین.

لەلایەکی دیکەوە بنیامین نتانیاهو، سەرۆک‌ وەزیری ئیسرائیل وتبووی: وڵاتانی رۆژئاوایی نابێ دەرفەتی ئەوە بەئێران بدەن کە دەستی بە چەکی ئەتۆم رابگات.

ئەو لێپرسراوە هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئێرانی بە داعش شوبهاندبوو وتبووشی: بە هەمو توانامانەوە پێش بە رێککەوتنی گرووپی پێنج زیدە یەک لەگەڵ ئێران و هەروەها دەستپێراگەیشتنی ئەو رێژیمە بەچەکی ناوکیی دەگرین.