کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەكانی ڕووسیە لە سووریە پاشەكشە دەكەن

15:11 - 25 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: ولادیمیر پووتین، سەرۆك كۆماری ڕووسیە بڕیاری دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتەی لە سووریە دەركرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە لە مۆسكۆ، پووتین ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند داوای لە سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگریی ڕٍووسیە كردووە لە ڕۆژی سێ شەممە ١٥ی مارسەوە دەست بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریە بكەن.

پووتین هەروەها داوای لە سێرگی لاڤرۆف، وەزیری كاروباری دەرەوەی ڕووسیەش كردووە هاوكات لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانیان، ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە پرۆسەی ئاشتیی سووریەدا بەهێز بكرێت.

لە بەیاننامەی كۆشكی كرێملیندا بۆ پاساودانەوەی ئەو پاشەكشەیە هاتووە: هێزەكانی ڕووسیە لە سووریە هەلومەرجێكی لەباریان بۆ ئاشتی لە سووریەدا ڕەخساندووە.

هاوكات، وەزیری دەروەی ئاڵمانیش وتوویە ئەگەر هێزەكانی ڕووسیە لە سووریە پاشەكشە بكەن، ئەو مەسەلەیە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەشار ئەسەد گوشاری زیاتری بخرێتە سەر و دانوستانێكی جیددی لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی هێمنانەی دەسەڵات، لە ژنێڤ بەڕێوە بچێت.

ئەوە لە كاتێكدایە كە هێشتا ئەجیندایەكی ڕوون بۆ وتووێژەكانی ژنێڤ دیاری نەكراوە. ئۆپۆزیسیۆنی سووریەش هێشتا خوازیاری كشانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لە قۆناغی گواستەوەی سیاسیدان، لە حاڵێكدا كە ڕێژیمی سووریە ئەو داخوازییە ڕەت دەكاتەوە.