کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی خامنەیی سەبارەت بە گەمارۆی هەناردەی گاز بۆ ئورووپا و وەلانانی پێشوەختی گازی ئێران لەلایەن یەکیەتیی ئوروپاوە

14:27 - 5 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: دوای هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە گەمارۆی هەناردەکردنی گاز بۆ ئورووپا، لە بەڵگە تازەکانی یەکیەتیی ئورووپا دەرکەوت کە ئەو یەکیەتییە بۆ دابین کردنی فرەچەشنیی وزەی خۆی، ناوی ئێرانی سڕیوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بەرانبەر وتەکانی خامنەیی و هەڕەشەکانی ناوبراو بە گەمارۆی هەناردەکردنی گاز بۆ ئورووپا، هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی رێژیم بڵاویان کردەوە کە گەڵاڵەی گەمارۆی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ ئورووپا لە مەجلیسی نوێنەرانی رێژیمی ئیسلامی تاوتوێ دەکرێت.

رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە ئامریکا بۆ ئەوەی کە گەمارۆکان لە دژی رێژیمی ئێران قورستر بکات، پرسی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ ئورووپا جیا بکاتەوە، بەڵام رێژیمی ئێران لە پێناو گوشار بۆ سەر کۆمەڵگای جیهانی بۆ لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەناردەکردنی گاز بۆ ئورووپا گەمارۆ دەکات.

رێژیمی ئێران لەو باوەڕە دایە کە گەمارۆی گازیی ئورووپا لەلایەن رێژیمی ئێران دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی دژی ئەو رێژیمە هەبێت.

ئەو لە حاڵێک دایە کە سەرەڕای ناتەواو بوونی گەڵاڵەی گەمارۆی هەناردەکردنی گازی ئورووپا لەلایەن مەجلیسی رێژیمی ئێرانەوە و تەنیا بە بڵاوبوونەوەی ئەو گەڵاڵەیە، یەکیەتیی وزەی ئورووپا ناوی ئێرانی لە لیستەی دابینکەرانی وزەی ئورووپا سڕیوەتەوە.

حەوتوو نامەی ئێشپیگل بە پشت‌بەستن بە دوو گەڵاڵەی یەکیەتیی وزە بڵاوی کردووەتەوە، بە جەخت کردنەوە لەسەر هاوکاریی چڕوپڕی وڵاتانی ئەندام، ئەو یەکیەتییە لە هەوڵی ئەوە دایە کە رێکەوتنێک لەگەڵ تورکمنستان و ئازەربایجان بۆ بەرزکردنەوەی هەناردە کردنی گاز بۆ ئورووپا و دابین کردنی گازی ئورووپا بە ئەمجام بگەیەنێت.

رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا بە سەرنجدان بە دۆخی ئابووری وڵات، کە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات لە هەوڵی ئەوە دایە کە بە جۆرێک بتوانێت گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی لابەرێت، بەڵام بەپێی ئەوەیکە هەتا ئێستا دۆخی بەرنامە ناوکی ئەو رێژیمە ناڕوونە، گەمارۆ ئابوورییەکان بەردەوام درێژەیان دەبێت و نوێنەرانی ئامریکاش لە هەوڵی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دانە.

راپۆرتەکان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانە ناوکییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو بابەتانەی ئامریکا بە نوێنەرانی رێژیم لە دانوستانەکانی ئەم دواییانە بڵاوی کردووەتەوە بەو مانایەیە کە هیچ شتێک بە نێوی پیتاندن نامێنێتەوە و سەرەڕای ئەوەش ئامریکا هیچ بەڵێنییەک لە پەیوەندی لەگەڵ لابردنی گەمارۆکانی قەبوول نەکردووە.

گرووپی١+٥ و رێژیمی ئێران کۆتایی مانگی مارس ساڵی ٢٠١٥ی زایینی ئەمساڵیان وەک کۆتایی دانوستانە بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی سیاسی دیاری کردووە.

ئەوە لە حاڵێک دایە کە وەزیری دەرەوەی ئامریکا رایگەیاندووە کە ناکۆکی جیددی لە نێوان لایەنی دانوستان کارەکان هەیە و هەڕەشەی کردووە لە ئەگەری درێژەدان بەو دۆخەی ئێستا و قەبووڵ نەکردنی مەرجەکان لەلایەن رێژیمی ئێران ئامریکا دانوستانەکان بەجێ دەهێڵێت.

ئاویەر. ت