کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی رێژیمی ئێران لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان

19:59 - 27 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ماموستایانی قوتابخانەکانی کوردستان کردووە کە دەبێ بە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان پەیوەست نەبن و وتووێژ لەگەڵ میدیا بیانییەکان نەکەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری پیرانشار لە نامەیەکی نهێنیدا بە سەرجەم قوتابخانە‌کانی ئەو شارەی راگەیاندووە کە ئەگەر مامۆستایانی ئەو شارە لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێراندا بەشداری بکەن، دەستبەسەر دەبن و دواتریش لەسەر کارەکانیان دەر دەکرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری پیرانشار بە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی راگەیاندووە کە مامۆستایانی قوتابخانەکان ئاگادار بکەنەوە کە لێداون بە کاناڵ و رادیۆ بیانییەکانی کوردی و فارسی نەدەن.

گوشاری رێژیمی ئێران بۆسەر هاووڵاتیان بە هەموو شێوەیەک درێژەی هەیە و لەو پەیوەندییەدا توێژی مامۆستایان بەردەوام لە ژێر زەخت و گوشار دان و مامۆستایان و قوتابخانەکان لە ئیمکاناتی ماددی و مەعنووی بێبەشن و تەنانەت مووچەی مانگانەی مامۆستایان بژێویی ژیانیان دابین ناکات.

لەو پەیوەندییەدا مامۆستایانی چالاک و هەڵسووڕی بواری سینفیی پەروەردە و فێرکردن، بە مەبەستی دەستەبەربوونی ماف و داخوازییەکانیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەو دۆخە قەیراناوییەی کە پرسی پەروەردەی خستۆتە ژێر مەترسییەوە، داوایان لە سەرجەم مامۆستایان و دەرسوێژانی وڵات کردووە کە رۆژەکانی ٣٠ی بەفرانبار و ١ی رێبەندان دەست بدەنە مانگرتنێکی سەرتاسەری و لە چوون بۆسەر پۆلەکان خۆ بپارێزن.

لە درێژەدا ماوەیەکە بەرپرسانی پەروەردە لە ناوچە کوردنشینەکانی کوردستان نامەی داواکاریی یارمەتی پارە بۆ بنەماڵەی قوتابیان دەنێرن کە ئەوەش نارەزایەتیی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە ئەمە لە کاتێکدایە کە تێچووی خوێندن بەپێی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران لە ئەستۆی دەوڵەتدایە.
هەروەها لەو پەیوەندییەدا یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لە مانگرتنی مامۆستایانی سەرتاسەری کە بڕیار وایە رێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار و ١ی رێبەندان بەڕێوە بچیت، پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە.

11829.jpg