کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویشک بوونی زۆنگەکان و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ وردیلە خۆڵەکان لە ئێران

15:15 - 29 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی رێکخراوی ژینگە پارێزی رایگەیاندووە کە لە سەدا ٦٧ی زۆنگەکانی ئێران وشک بوون.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کاری ئێران، مەسعوود باقرزادە کەریمی، جێگری کاروباری زۆنگاوەکانی دەفتەری ژینگەکانی رێکخراو ژینگە پارێزی ئێران رایگەیاندووە کە ئێستا لە سەدا ٦٧ی زۆنگەکانی ئێران وشک بوون.

بە وتەی بەرپرسی رێکخراوی ژینگە پارێزی، دابەزینی ئاستی بارینی باران و زۆر بوونی رێژەی گەرما هۆکارگەلێکن کە بوونەتە هۆی وشک بوونی تاڵاوەکان، بەڵام بەشێکی زۆر لەم کێشە و گرفتانە بە هۆی پەرەپێدانی لەرادەبەدەر لە سەرووی زۆنگەکان بە تایبەت بەنداوسازیەوەیە.

زیادەرەوی لە بەکار هێنانی ئاو بە مەبەستی ئاودێری کردن و زیادەرەوی کردن لە بەکار هێنانی ئاوە ژێر زەوینەکان، هۆکارگەلی وشک بوونی زۆنگەکان لە ئێران بە ئەژمار دێن.

ویشک بوونی زۆنگەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بووەتە هۆی قەیرانی ژینگەیی و قەیرانی ژینگە لە ناوەچەکانی کوردستان و ئەهواز بووەتە هۆی پیسی هەوای زیاتر لە ٦٠ بەرانبەری ئیستاندارد لەم ناوچانەدا.

بەپێی راپۆرتەکان، ساڵانە لە ئێران بە هۆی شارەزا نەبوونی بەرپرسان، ١٠ میلیارد میتری موکەعەب ئاو لە سەرچاوە ژێرزەوینەکان بە کار دەبردرێت و زیاتر لە ٦٠٠ دەشت لە دۆخی سوور بە سەر دەبەن بەم شێوەیە وردیلەکانی خۆڵ و ویشک بوونی زەنکاوەکان بەردەوام بەبێ سەرنجدانی بەرپرسان درێژەی هەیە.

قەیرانی ژینگەپارێزی لە ئەهواز و چەندین شاری دیكە لە رۆژئاوای ئێران بەرەو كارەساتی مرۆیی دەروات و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام هەوای ئەو ناوچەیە لە ئێران بە هۆی وردیلەکانی خۆڵ پیستر بووە و لە ماوەی رۆژانی رابردوویشدا بووەتە هۆی ئەوەیکە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە جێگای هەوا خۆڵ هەڵمبژن.

لەم پەیوەندییەدا، یازدە رێکخراوەی مافی مرۆڤی ئێران وەک رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، لە نامەیەکدا لە رێپۆرتێران و کارناسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان کردووە کە پرسە ژینگەییەکان و وردیلەکانی خۆڵ بە وردی بخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە و هەتا جێبەجێ کردنی هەموو کردەوە پێوستەکان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، چاوەدێری تەواو بکرێت.

لە دریژەی ئەو نامەیەدا هاتووە: مافی مرۆڤ و ژینگە بە یەکەوە بەستراوەن و دابینکردنی مافی ژیان، سەلامەت و پەرەسەندن بێگومان بە ژینگەی خاوێن و پاقژ بەستراوەیە. دەوڵەتی ئێران لەو بارەیەوە ئەرکدارە لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا وەڵامدەر بێت و ئێمە بە توندی لەو راستییە کە دەسەڵاتی ئێران سەبارەت بە پشتیوانی لە هاووڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر زیانەکانی ژینگە و لێکەوتەکانی کەم‌کاری کردووە، نیگەرانین.

ئاویەر.ت