کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویلایەتی: نە خەڵک و نە سووریە، خودی ئەسەد هێڵی سووری ئێرانە

14:56 - 17 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، شەڕی سووریە بە شەڕێکی بچووکی نێو نەتەوەیی ناوزەد کرد و جەختیشی کردەوە کە بەشار ئەسەدهێڵی سووری ئێرانە. ناوبراو ڕاشکاوانە گوتی کە ڕێژیمی ئێران بە نیاز نییە لە گۆڕەپانی شەر و سیاسەتدا، پشتی سەرکوتکارییەکانی ئەسەد چۆڵ بکات.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە(١٤ی سەرماوەز/٥ی دێسامبر) لە بەرنامەی دەق و پەراوێزدا کە لە کاناڵی سێی تەلەفزیۆنی ڕێژیمەوە بڵاو بووەوە، گوتی: ئەگەر یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەوڵەتی سووریە نەبوایە، ئەو دەوڵەتە تا ئێستا کەوتبوو.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی کە هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژیکەکانی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمیشی لە ئەستۆیە، دەوڵەتی بەشار ئەسەدی بە یاسایی زانی و گوتی: بەپێی پێوەرە نێو نەتەوەییەکان هەر وڵاتێک کە خاوەنی دەوڵەتی یاساییە، دەتوانێت داوا لە وڵاتانی دیکە بکات لە وڵاتەکەیدا حزووریان هەبێت. ناوبراو ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە یاسایی دانا و گوتی؛ کەمتر لە ٢ ساڵ لەوەبەر بوو کە زۆربەی خەڵکی سووریە دەنگیان پێ داوە.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی کە ڕاوێژکاری خامنەییە بۆ کاروباری نێو نەتەوەیی، بەم دواییانە لەگەڵ هەیئەتێکدا، لە سەفەرێکدا بۆ دەمێشق، لەگەڵ بەشار ئەسەد و ڕێژەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیمی سوورییە دیداری کردبوو. هەواڵدەریی فەرمیی سوورییە (سانا) لە زاری ویلایەتییەوە، پشتگیریی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە ئەرکی ئێران و پەیوەندی ڕێژیمە دژە مرۆڤییەکانی تاران و دەمێشقی بە دۆستانە و برایانە وەسف کردبوو.

لە شەڕە خوێناوییەکانی سوورییەدا، کە ڕێژیمی ئێران لەو شەڕانەدا پشتگیریی ڕێژیمی سەرکوتکەری ئەسەد دەکات، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس کوژراو، سەدان هەزار بریندار و بە میلیۆنان خەڵک ئاوارە بوونە.