کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی کۆماریخوازانی ئامریکا لە سەر قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران

16:24 - 30 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: ململانێی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرەی ئامریکا سەبارەت بە چڕتر کردنی گەمارۆکانی رێژیمی ئێران رۆژ بە دوای رۆژ زیار و بەرچاوتر دەبێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە نوێترین قسەی سێناتۆرە ئامریکاییەکان لە بواری قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، سێناتۆر مارکۆ رۆبیۆ، سێناتۆری کۆماریخواز، قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێرانی بە پێویست وەسف کرد.

مارکۆ رۆبیۆ لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی تلویزیونی  CBSی ئامریکا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران هیچ ئاکامێکی بە دواوە نابێت و رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، سەرەکیترین هۆکارن کە رێژیمی ئێرانی هێناوەتە سەر مێزی دانوستانەکان.

هەر لەم پەوەندییەدا، لیندزی گراهام، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کاناڵی NBC، خوازیاری ئەوە بوو کە هەر جۆرە رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئێران ببەسترێتەوە بە دەنگی کۆنگرەی ئامریکا و ئەو کونگرەیە لەسەر ئەو رێکەوتنە دەنگ بدات.

باراک ئووباما سەرکۆماری ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، بۆ جاری دووهەم جەختی کردەوە کە هەر جۆرە گەڵاڵەیەک سەبارەت بە قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران ڤیتۆ دەکات.

هەڕەشەی باراک ئووباما سەرکۆماری ئامریکا بە ڤیتۆ کردنی هەر جۆرە گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، دژ کردەوەی سێناتۆرە ئامریکاییەکانی بە دواوە بوو.

رابێرت مێنندز، سێناتۆری دێموکرات، کوین مەک کارتی، رێبەری زۆرینەی کۆماریخوازان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، جان بینێر وتە‌بێژی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا و چەند کەسی دیکە لە نوێنەرانی دێموکرات و کۆماریخوازی کۆنگرە لە گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران پشتیوانیان دەربڕیوە.

لە دژ کردەوەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، محەممەد حەسەن ئاسفەری، لە ئەندامانی کۆمسیۆنی تەناهیی نەتەوەیی مەجلیسی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە لە ئەگەری قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە‌کان لەلایەن ئامریکاوە، گەڵاڵەی پیتاندنی لە سەدا ٦٠ی ئورانیۆم لە ئێران، کە لەلایەن ٢٠٥ نوێنەری مەجلیسەوە ئامادە کراوە، پێشکەش بە مەجلیس دەکرێت.