کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنیار کراوە ناوی سوپا بخرێتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان

21:22 - 29 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی نیۆیۆرکدا، پێشنیار کراوە کە ناوی سوپای پاسدارانی ئێران، بخرێتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو پێشنیارە لە لایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئۆردۆنەوە خراوەتە ڕوو.

جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، بە نیسبەت ئەو پێشنیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆردۆن، سەرسووڕمانی خۆی ڕاگەیاندووە.

وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن لە دانیشتنی گرووپی پشتیوانانی سووریە لە نیۆیۆرک، لیستی ١٥٧ گرووپی تیرۆریستیی چالاکی لە سووریە خستەڕوو کە ناوی سوپای پاسدارانیش لەنێو ئەو لیستەیەدا هاتووە.

وەزیری دەرەوەی ئۆردون، لە وەڵامی ناڕەزایەتیی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمدا ڕایگەیاند: ئێمە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بە کێشەی سووریەوە سەرقاڵن داوامان کردووە کە ناوی ئەو گرووپانەی کە گومانیان لەسەرە لە گۆڕەپانی سووریەدا هەوڵی تیرۆریستی بدەن ڕابگەیەنن و ناوی سوپای پاسداران نەک لە لایەن ئۆردۆنەوە، بەڵکوو لە لایەن یەکێک لەو وڵاتانەوە دراوە.

سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، یەکێک لەو گرووپانەیە کە لە ڕەوتی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی گرووپە دژبەرەکانی بەشار ئەسەد، لە ڕاستای پشتگیری لە ڕێژیمی بەشار ئەسەددا چالاکیی هەبووە.

ماوەیەک پێش ئێستا، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیم، لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی ڕێژیمدا بەناوی متن و حاشیە(دەق و پەراوێز) ڕایگەیاند کە: ڕێژیمی ئێران لە هەر دوو بواری سیاسی و نیزامی‏دا پشتگیریی بەشار ئەسەد دەکات و ناوبراو هێڵی سووری ئێرانە.