کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە

15:04 - 4 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی هاوبەشیان بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە، بڵاو کردەوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا کە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بەڕێوەچوو، پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات لەلایەن، رۆژین بەهرامی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانەوە، پێشکەش کرا.

دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:

بە بۆنەی ٦٩ ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پیرۆزبایی لە هەموو چین‌وتوێژ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین.

دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، دەستکەوتێکی مێژوویی و ئەزموون و نموونەیەکی بە بەهای لە خۆ بەڕێوەبردنی نەتەوەی کورد لە کوردستانە.

دەستکەوتە بەرچاوەکانی ئەو کۆمارە نەتەوەییە لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنی خۆیدا، مافخوازی و تاکتیکی بەڕێوەبردنی وڵات لە سیمای کۆماردا بە تەواوی دەردەخا و بەرچاو گرتنی مافی کەمیینە نەتەواییەکان لە حکوومەتی کۆماری کوردستاندا سەلمێنەری کلتوری بە یەکەوە ژیان و دێموکرات بوونی ئەو کۆمارەیە. ئەو کلتوورەش شانازییە کە لە باوەڕی کۆمەڵگای کوردستان تێدەکۆشن.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٦٩ ساڵ لە دامەزراندنی کۆمار، رێکخراوەکانی ئەو سەردەمە لە کار و چالاکی سینفیی خۆیان بەردەوامن و توانیویانە لە سەر زۆربەی پرسەکانی پەیوەست بە توێژی خۆیان شوێندانەر بن.

ئەمە جگە لەوە کە کاریگەریی بیرۆکەی کاری رێکخراوەیی کە لە کۆماردا لە دایک بوو بە شێویەک کە بە پێی هەلومەرجی تایبەت رێکخراوی دیکە دامەزراون و لە بواری مافی سینفی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی تێدەکۆشن.

بەرز و پیرۆز بێ ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی