کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند درۆی نوێی حەسەن ڕوحانی

15:31 - 18 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە دوایین سەفەری خۆیدا بۆ یەزد ڕایگەیاند سەرباری هەموو گرفت و کێشەکان توانیویەتی لە ٢ ساڵی ڕابردوودا ١ میلیۆن و ١٧٩هەزار پیشەی نوێ ساز بکات.

حەسەن ڕوحانی وتوویەتی ئێمە توانیومانە سەرەڕای کەم بوونەوەی نرخی نەوت، بایەخی دراوی ئێران وەک خۆی بهێڵینەوە، ئارامی لە بازاڕەکاندا سەقامگیر بکەین و تەنانەت هەڵاوسانیش کەم بکەینەوە!

ئەم درۆ و دەلەسانە لەکاتێکدا لە زاری سەرۆکی دەوڵەتی بەناو تدبیر و امید بڵاو دەبنەوە کە جێگری یەکەمی ناوبراو واتە ئێسحاق جەهانگیری پێشتر گوتبووی ڕێژەی بێکارانی ئاشکرای وڵات لە ٢ ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە ٨ میلیۆن کەس. هەروەها حسەین تەقەوی نوێنەری وەرامین لە مەجلیس گووتوویەتی دەوڵەتی ڕوحانی هیچ بەرنامەیەکی بۆ دانانی پیشەی نوێ نەبووە و چیدیکە ناتوانێ نالێهاتووییەکانی خۆی لەمەڕ چارەسەری کێشەی بێکاری بشارێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری کانزاکانی ڕێژیم دانی بەوەداناوە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا پشکی سەنعەت لە ئابوریی کەڵانی ئێراندا بۆ ٢٢%- دابەزیوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهریش لە ساڵی ٨٤ەوە تاکوو ٩٣ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کارفەرما وەرشکەستە بوون کە ئەمە بەمانای لەنێوچوونی ٢ میلیۆن هەلی کارە! هەروەها لە کۆی ٦ میلیۆن و ٢٥٦ هەزار خاوەن کاری سەربەخۆ ٥ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیان لە پانتایی کار و بەرهەم هێناندا بوونیان نەماوە و ڕێژەی خاوەن کارە سەربەخۆکان لە ئێران هەنووکە گەیشتۆتە ٧٥٣ هەزار کەس.

لەلایەکی دیکەشەوەو لە درۆیەکی دیکەدا، ڕوحانی چەند رۆژ پێش گووتبووی شورای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی هیچ بڕیارێکی لەمەڕ ممنوع التصویر بوونی خاتەمی نییە بەڵام وتەبێژی هێزی دادوەری ڕێژیم ئەم قسەی ناوبراوی وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە خاتەمی بەپێی بڕیاری ٢٩٨ی شورای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی ممنوع التصویر کراوە کە ئەو کاتە خودی ڕوحانیش لەم شورایەدا بووە.