کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری شۆڕشی ئاگری لە سینگی مێژوودا مایەوە

14:28 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ژنێرەاڵ "ئیسحان نووری پاشا" ڕێبەری شۆڕشی ئاگری  دوای ماوەیەک خەبات و خۆڕاگریی چیرۆکەکانی حەماسەی خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێهێشت و ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەم ڕێبەرەی نەتەوەی کوردە.

ئیحسان نووری پاشا (١٨٩٢ - ١٩٧٦)، کوڕی عەلی قولی پاشا، ڕێبەری شۆڕشی ئاگری، لە ساڵی ١٨٩٣ لە گەڕەکی (ئالی گوڵی- عەلی قولی) شاری بەدلیس لەدایکبووە. پۆلەکانی خوێندنی سەرەتایی ھەر لەم شارەدا تەواو کردووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندنی بەرزی سەربازیی ڕووی کردووەتە شارەکانی ئەرزنجان‌ و ئیستانبوڵی ئەو کاتە و لە ساڵی ١٩١٠، دوای خوێندنی سەربازیی بۆ یەکەمجار لە ڕیزەکانی سوپای عوسمانیدا بوو بە ئەفسەر.

ئیحسان نووری پاشا، بەشداریی زۆربەی ئەو شەڕانەی کردووە کە سپای عوسمانی لە ئاڵبانی، وڵاتانی عەرەبی‌ و گورجستان دژ بە سپای ڕووسیه بەرپای کردوون، تەنانەت وەک ئەفسەرێک لە سپای عوسمانیدا ماوەی ٣٣ مانگ لە یەمەن ماوەتەوە و گەلێ کارو لێپرسراویەتی سەربازیی پێسپێردراوە.

دوای ساڵی ١٩٠٨ (واتە ئەو کاتەی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی، دەسەڵاتی تورکیەیان کەوتەوە دەست) ڕێگا خۆش بوو بۆ پێکھێنان و کردنەوەی گەلێک ڕێکخراو. ئیحسان نووری پاشاش وەکوو کەسایەتیەکی کورد لەودەمەدا پەیوەندی کرد بە کۆمەڵەی تەعالی کوردستانەوە، کە ھەر لەو کاتە بەدواوە دامەزرا.

لەو ماوەیەشەوە کە وڵاتانی ھاوپەیمان لە رێکەوتننامەی سیڤەری ١٠ی ئابی ١٩٢٠، بەڵێنیان دابوو قەڵەمڕەوێکی کوردی سەربەخۆ بەپێی بەندەکانی (٦٢-٦٣-٦٤) دابمەزرێت و دواتر لێی پەشیمان بوونەوە، ئیحسان نوری پاشا ھەوڵیدا پەیوەندی بکات بەو شۆڕش و ڕاپەڕینە کوردیانەی کە ساڵانی دوای شەڕی جیھانیی یەکەم و دوای بەجێنەھێنانی بەندەکانی سیڤەر لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریانھەڵدا، ناچار بوو پەنا بباتە شام و لەوێوە بۆ باشووری کوردستان.

کاتێک کۆمەڵەی خۆیبوونی کورد لە لوبنان دامەزرا، ئیحسان نووری پاشا جارێکی دی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە باکووری کوردستان و لەگەڵ چەند سوارەیەکی کورددا بەبڕیارێکی ھەمە لایەنەی خۆیبوون ڕابەرایەتی شۆڕشی ئاگری دەکات.

 پاش شکستھێنانی ئەو شۆڕشە ئیحسان نووری پاشا پەنا بۆ ئێران دەبات و ئاوارەیی لەو وڵاتە دەمێنێتەوە نووری پاشا هەتا ڕۆژی ٢٥ی مارسی ١٩٧٦ی زایینی ماڵاوایی لە ژیان دەکات.