
ئەمیر سوڵتانی
یەکێک لە گرنگترین پرسە ئابوورییەکانی ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا، چارەنووسی ئەو میلیاردان دۆلارەیە کە لە بانک و دامەزراوە داراییەکانی دەرەوەی وڵاتدا بلۆک کراون. ئەم پوڵە کە بەشێکی زۆری لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گازی ئێران پێکهاتووە، لە ئەنجامی گەمارۆ ئابووری و بانکییەکاندا دەستڕاگەیشتنی حکوومەتی ئێرانی بۆ سنووردار کراوە. لە کاتێکدا ئابووریی ئێران بەدەست کەمبوونی دراوی بیانی، هەڵاوسان، دابەزینی بەهای ڕیاڵ و کەمیی وەبەرهێنانەوە دەناڵێنێت، بوونی ئەو سامانە گەورەیە لە دەرەوەی وڵات پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت: ئەو پارەیە لە کوێیە، لە چ ساڵێکەوە بلۆک کراوە، سەرچاوەکەی چییە و بۆچی ئێران ناتوانێت بە ئازادی دەستی پێی ڕابگات؟
بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ی زایینی و سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، جیمی کارتەر، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، لە ١٤ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩دا فەرمانی بلۆککردنی سامانەکانی دەوڵەتی ئێرانی دا لە ئەمریکا. بڕی ئەو سامانە لەو سەردەمەدا نزیکەی ١٠ تا ١٢ میلیارد دۆلار مەزندە دەکرا. بەشێکی زۆری دوای ڕێککەوتننامەی جەزایر لە ساڵی ١٩٨١دا ئازاد کرایەوە، بەڵام هەندێک دۆسیەی دارایی و یاسایی هەر بە کراوەیی مانەوە. لەوێوە پرسی پوڵە دەستبەسەرکراوەکان بووە بەشێک لە ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
قۆناغی دووەمی ئەم کێشەیە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١ تا ٢٠١٣دا گەیشتە ئاستێکی دیکە. ئەمریکا و یەکێتیی ئورووپا گەمارۆی توندیان خستە سەر بانکی ناوەندی، نەوت و سیستەمی بانکیی ئێران. لە ساڵی ٢٠١٢دا ئورووپا هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی قەدەغە کرد و ژمارەیەک بانکی ئێران لە تۆڕی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی پوڵدا، واتە سویفت SWIFT، دابڕان. لە هەمان کاتدا یاساکانی ئەمریکا وایان کرد ئەو وڵاتانەی هێشتا نەوتیان لە ئێران دەکڕی، پوڵەکە لە هەژماری بانکی ناوخۆی خۆیاندا هەڵبگرن. بەم شێوەیە، نەوتەکە دەفرۆشرا و پوڵەکەش دەدرایە بانک، بەڵام تاران نەیدەتوانی بە ئازادی بیگوازێتەوە. ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لە نێوان خاوەندارێتیی پوڵ و دەستڕاگەیشتن بەو پوڵە بۆ بەکارهێنان.
لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی بەرجام، بەشێک لەو سنووردارکردنانە هەڵگیران و ڕێگە بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە هەندێک لە داهات و سامانەکانی خۆش کرا. بەڵام ئەو بارودۆخە زۆری نەخایاند. لە مانگی مەی ٢٠١٨دا دۆناڵد ترامپ، ئەمریکای لە بەرجام کشاندەوە و لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا گەمارۆ نەوتی و بانکییەکانی گەڕاندەوە. لە مانگی مەی ٢٠١٩یشدا مۆڵەتە تایبەتییەکانی کڕینی نەوتی ئێران بۆ چەند وڵاتێک کۆتاییان پێ هات. ئەوە بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە میلیاردان دۆلار لە بانکەکانی ئاسیا و شوێنەکانی دیکەدا گیر بکەن.
کۆریای باشوور یەکێکە لە دیارترین نموونەکانی ئەم پرۆسەیە. ئەو وڵاتە تا پێش گەمارۆکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩، کڕیارێکی گرنگی نەوت و گازی ئێران بوو. نزیکەی ٧ میلیارد دۆلار لە داهاتی ئەو فرۆشتنانە لە هەژمارە بانکییەکانی کۆریادا کۆبووبووەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان ئێران و ئەمریکا، نزیکەی ٦ میلیارد دۆلار لەو پوڵە، دوای گۆڕینی دراو، گوازرایەوە بۆ بانکەکانی وڵاتی قەتەر. بەڵام گواستنەوەی پوڵەکە بە واتای ئازادبوونی تەواوی نەبوو، چونکە بەکارهێنانی تەنیا بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی وەک خواردەمەنی و دەرمان ڕێگەپێدراو بوو. لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا ئەمریکا و قەتەر بەکارهێنانی ئەو پارەیان ڕاگرت. بەپێی ڕاپۆرتی کۆنگرەسی ئەمریکا لە مانگی ئووتی ٢٠٢٦دا، ئەو بڕە پوڵە هێشتا لە بانکەکانی قەتەردا مابووەوە.
وڵاتی عێراق شوێنێکی دیکەی کۆبوونەوەی داهاتی سنووردارکراوی ئێرانە. بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە، پوڵەکە بە شێوەیەکی سەرەکی نەک هی نەوت، بەڵکوو داهاتی فرۆشتنی گاز و کارەبای ئێرانە بە عێراق. دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ساڵی ٢٠١٨، ئەمریکا مۆڵەتی کاتیی بە بەغدا دەدا تا بتوانێت وزە لە ئێران بکڕێت، بەڵام پوڵی ئەو مامەڵانە دەبوو لە هەژمارە سنووردارکراوەکاندا بمێنێتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڕی ئەو پوڵە کەڵەکەبووانە بە نزیکەی ١٠ میلیارد دۆلار مەزندە دەکرا، هەرچەندە لە ڕاپۆرتە جیاوازەکانی دیکەدا ژمارەی ٦ میلیارد دۆلاریش هاتووە. بەشێک لەو پوڵە بە مۆڵەتی تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێران یان دانەوەی قەرزی وزە بەکار هاتووە. دیارە لە مانگی مارسی ٢٠٢٥شدا ئەمریکا مۆڵەتی هاوردەکردنی کارەبای ئێرانی بۆ عێراق نوێ نەکردەوە. بەڵام داهاتی ئەو پوڵە لە بانکەکانی عێراق و ئەمریکادا هەر دەستبەسەرکراو ماوەتەوە.
وڵاتی هێندستان لە قۆناغەکانی گەمارۆدا یەکێکی دیکە لە کڕیارە گەورەکانی نەوتی ئێران بووە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە سیستەمێکی تایبەتی پارەدان بە ڕوپیەی هێندی لە ڕێگەی بانکی UCO کارا بوو. بەشێک لە پوڵی نەوت لە هێندستان دەمابووەوە و ئێران دەیتوانی لە بەرامبەریدا کاڵای هێندی وەک برنج، دەرمان و پێداویستییە پیشەسازییەکان بکڕێت. دوای ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩، گەمارۆ بانکییەکان دووبارە توند بوونەوە. هەندێک ڕاپۆرت بڕی سامانەکانی ئێران لە هێندستان بە نزیکەی ٧ میلیارد دۆلار دەخەمڵێنن، بەڵام بەڵگەیەکی گشتی و نوێ نییە کە پشتڕاست بکاتەوە هەموو ئەو بڕە پوڵە تا ئەمڕۆ بلۆک ماوەتەوە یان نا.
چین بەشێکی گرنگی ئەم هاوکێشەیەیە. ئەو وڵاتە لە ساڵانی دوای ٢٠١٩دا بووەتە سەرەکیترین کریاری بازاڕی نەوتی ئێران. هەندێک مەزندەی ڕاپۆرتی کۆن باسی نێزیکەی ٢٠ میلیارد دۆلاری ئێران لە چین دەکەن، بەڵام هەموو ئەو پوڵە نابێت بە مانای یاسایی بلۆککراو بێت. بەشێک لە مامەڵەکان بە دراوی یوانی چینی، هەژماری تایبەت، کریدیتی بازرگانی یان ئاڵوگۆڕی نەوت بە کاڵا جێبەجێ دەکرێن. لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٦دا ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی لەسەر میکانیزمی ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران بە کریدیتی کڕینی کاڵا لە چین بڵاو کردەوە. ئەو جۆرە مامەڵانە نیشان دەدەن کە ئێران دەتوانێت هەندێک داهاتی نەوت بەکاربهێنێت، بەڵام دەستڕاگەیشتنی بە دۆلار و یۆرۆی ئازاد و گواستنەوەی ئاساییی دراوی بۆ سنووردارە. لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمە جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە جۆری مامەڵەی دوولایەنەدا.
ژاپۆن یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەیە کە لە ساڵانی پێش گەمارۆدا کڕیارێکی گرنگی نەوتی ئێران بوو. لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٥دا گەمارۆ بانکییەکان گەیشتنە ئەو وڵاتە، لە ٢٠١٦ تا ٢٠١٨دا هەندێک ئاسانکاری هاتە ئاراوە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکانی کڕینی نەوت لە مانگی مەی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە مامەڵەکان سنووردار بوونەوە. لە هەندێک هەڵسەنگاندندا بڕی پارەی ئێران لە ژاپۆن بە نزیکەی ١.٥ میلیارد دۆلار دانراوە. ئەم ژمارەیەش مەزندەیەکی پوڵی فرۆشتنی نەوتی پێشووە، نەک پشتڕاستکردنەوەی پوڵی دەستبەسەرداگیراوی ئێستا. سەرچاوەی سەرەکیی ئەو داهاتە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بووە.
لە ئورووپادا دۆسیەی لۆکسەمبۆرگ لە ئارا دایە. لەو وڵاتەدا بڕی ١.٦ تا ١.٧ میلیارد دۆلار سامانی پەیوەندیدار بە بانکی ناوەندیی ئێران لە سیستەمی هەڵگرتنی بەڵگەنامە داراییەکانی( Clearstream)دا بووەتە بابەتی ناکۆکیی یاسایی. ئەم پارەیە وەک داهاتی ڕاستەوخۆی فرۆشتنی نەوت لە هەژمارێکی بازرگانیدا ناژمێردرێت، بەڵکوو پەیوەندی بە بەڵگەنامەی قەرز، وەبەرهێنان و مافی داراییی بانکی ناوەندییەوە هەیە. لە یەکی ئەپریلی ٢٠٢٦دا کۆمپانیای داچ بۆرس Deutsche Börse ڕایگەیاند دادگایەکی ئەمریکا بڕیارێکی بە قازانجی داواکارانی وەرگرتنی لانیکەم ١.٧ میلیارد دۆلار دەرکردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەندێک لە سامانەکانی ئێران تەنیا بەهۆی گەمارۆوە دەستیان بەسەردا نەگیرا، بەڵکوو لە ناو دۆسیە یاساییە درێژخایەنەکانیشدا ماونەتەوە.
لە ئەمریکا و بریتانیادا سەرچاوەی هەندێک لەو سامانە تەنانەت پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتیشەوە نییە. بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩، شای ئێران پوڵێکی زۆری بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بە ئەمریکا و بریتانیا دابوو. دوای شۆڕش بەشێک لەو گرێبەستانە جێبەجێ نەکران و پارەکان بوونە بابەتی داواکاریی یاسایی. لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەمریکا بە ڕێککەوتنێک ١.٧ میلیارد دۆلاری دا بە ئێران کە ٤٠٠ میلیۆنی پارەی بنەڕەتی و ١.٣ میلیاردی سوودی ڕێککەوتنەکە بوو. بریتانیاش لە مارسی ٢٠٢٢دا قەرزێکی ٣٩٣.٨ میلیۆن پۆندی پەیوەندیدار بە گرێبەستە سەربازییەکانی پێش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی یەکلایی کردەوە. پوڵی ئەو دوو گرێبەستە نابێت جارێکی دیکە وەک سامانی بلۆککراوی ئێستا هەژمار بکرێن. لە هەمان کاتدا، دۆسیەی نزیکەی ٢ میلیارد دۆلار سامانی بانکی ناوەندی لە ئەمریکا کە بوو بە بابەتی بڕیاری دادگا و قەرەبووی داواکاران، جیاوازە لە داهاتی نەوتی گیرکراو لە بانکەکانی دەرەوەدا.
بەو پێیە، وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە چی پێکهاتوون، ڕوونە: بەشی هەرە زۆریان داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی کەرتی وزەن. بەشێکی دیکە داهاتی فرۆشتنی گاز و کارەبایە، بەتایبەتی لە عێراق. بەڵام سامانی بانکی ناوەندی، بەڵگەنامەی دارایی، سوودی وەبەرهێنان، قەرز و پارەی پێشوەختەی گرێبەستە سەربازییەکانیش لەو دۆسیەیەدا هەن. هەروەها سەروەت و سامانی دەستوپێوەندەکان ڕێژیم و کۆمپانیا گەمارۆدراوەکانی سەر بە ئێران نابێت بەبێ جیاکردنەوە لەگەڵ داهاتی دەوڵەت تێکەڵ بکرێن.
لەبارەی کۆی گشتیی ئەو سامانەشەوە، ناکۆکی گەورە لە نێوان ژمارەکاندا هەیە. لە مانگی مەی و ژووئەنی ٢٠٢٦دا سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی وتووێژکاریی ئێران ژمارەی ٢٤ میلیارد دۆلاریان وەک بڕی پارەکانی بابەتی وتووێژ هێنایە گۆڕێ. لە بەرامبەردا هەندێک هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی ژمارەی ١٠٠ میلیارد دۆلار یان زیاتر دەهێنن، کە بەشێکیان پشت بە مەزندە کۆنەکان دەبەستن. لە هەمان ساڵدا باسی ئازادکردنی ١٢ میلیارد دۆلار لە وڵاتی قەتەریش کرا، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە بەسەر ٦ میلیارد دۆلارە ناسراوەکەدا زیاد بکرێت، پێویستە سەرچاوە و شوێنی هەڵگرتنی هەر بڕێک لەو سامانە بە جیاواز پشتڕاست بکرێتەوە. هەتا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، لیستێکی فەرمی، گشتی و پشتڕاستکراو نییە کە بتوانێت بڕی تەواوی سامانە بلۆککراوەکانی ئێران دیاری بکات.
ئەم دۆخە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەهۆی گەڕانەوەی گەمارۆ ئەتۆمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئورووپا ئاڵۆزتر بوو. لە ٢٩ی سێپتەمبەری ئەو ساڵەدا یەکێتیی ئورووپا بلۆککردنی سامانەکانی بانکی ناوەندی و بانکە بازرگانییە گەورەکانی ئێرانی گەڕاندەوە. لە مانگی ژووئەنی ٢٠٢٦دا باسی ئازادکردنی پارەکان لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی سیاسیی نێوان تاران و واشنگتۆندا کرایەوە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی کۆنگرەسی ئەمریکا، هەتا مانگی ئووتی هەمان ساڵ بەڵگەیەکی ڕوون لەسەر ئازادکردنی ئەو پارەیانە نەبوو.
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، بلۆکەبوونی پوڵ و سەرچاوە داراییەکانی ئێران تەنیا مانای ئەوە نییە کە ژمارەیەک دۆلار لە بانکەکانی دەرەوەدا ماونەتەوە. ئەوە بە واتای کەمبوونی دەستڕاگەیشتن بە دراوی بیانی، تێچووی زیاتر بۆ هاوردەکردنی کاڵا، دژواربوونی پارەدانی بازرگانی و زیادبوونی فشار لەسەر نرخی دراوە لە ئێرانی ئەمڕۆدا. هەرچەندە ئازادکردنی ئەو سامانە دەتوانێت یارمەتیی هەڵسوڕانی ئابووری و دابینکردنی کاڵای پێویست بۆ بژیوی خەڵک بدات، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی ئابووریی ئێران چارەسەر بکات. ئەوە پێویستی بە چاکسازیی سیستەمی بانکی، شەفافیەتی داهات و خەرجیی دەوڵەت، کەمکردنەوەی وابەستەیی بە نەوت و گەڕاندنەوەی متمانەی وەبەرهێنەران هەیە.
لە کۆتاییدا، پارە بلۆککراوەکانی ئێران تەنیا دۆسیەیەکی دارایی ئەمڕۆ نین، بەڵکوو ئاوێنەیەکن بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان سیاسەت، وزە و سیستەمی بانکیی جیهان. لە کۆریای باشوورەوە بۆ قەتەر، لە عێراق و هێندستانەوە بۆ چین و ژاپۆن، و لە لۆکسەمبۆرگەوە تا ئەمریکا، ئەم سامانە مێژوویەکی جیاواز و دوور و درێژی هەیە و هەمووی لە یەک کاتدا بلۆک نەکراوە. گرنگترین پرسیار لە داهاتوودا تەنیا ئەوە نییە کە چەند میلیارد دۆلار ئازاد دەکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا ئەو سامانە مەزنە دەگاتە ئابووریی ڕاستەقینەی وڵات و دەبێتە هۆی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، یان جارێکی دیکە لە ناو بازنەی کێشە سیاسی، دارایی و کارگێڕییەکان کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی ئێرانن گیر دەکات؟