کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی چۆن سەیری «ڕۆژی دوای سەرکەوتن» دەکا؟

06:25 - 5 سەرماوەز 2726

عەلی فەتحی

ئازادی، چەمکێکە خاوەن مانا و گرینگییەکی تایبەت. چ وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و چ بە شێوەی خۆزگە و خەیاڵ. بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ لە زەینی ئینسانەکاندا جێی خۆش کردووە. ئەگەر چەشنی ماف سەیر بکرێت، واتە ئەو تواناییەی کە مرۆڤ بۆی هەبێ بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت بکا و مافی دەرکەوتن و دەربڕینی هەبێ. لە خۆدەرخستن و هەڵبژاردن و چێژوەرگرتن، خاوەن سەربەخۆیی کەسیی خۆی بێ، بەبێ ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتێک یا مرۆڤگەلێکی دیکەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا و دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەو مافەی لێ زەوت بکرێت. ئازادی، تێگەیشتنێکە کە سەبارەت بە کەرامەتی مرۆڤ و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، گوزارشت لە ڕاستییەکی بێ‌پایان دەکا. ئەو تێگەیشتنە یا بابەتە، دیاری و کاڵا نییە لەلایەن کەسانێکەوە خەڵات بکرێت، مافێکە لە ڕێگەی تێکۆشان و فیداکارییەوە دەستەبەر دەبێ. لەمەڕ دابینکردن و وەدەستخستنی ئازادی، فرە لە زانایان دواون، بەڵام ئاندرێئاس کالڤۆس، شاعیری یۆنانی جوانترین بۆچوونی پێشکەش کردووە. ناوبراو دەڵێ:

«ئازادی پێویستی بە بوێری و فەزیلەت هەیە.»

وەک تاک یا کۆمەڵگە، مرۆڤ بە درێژایی مێژوو هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەو مافە ئینسانییەی داوە و لە پێناویدا خوێن و گیانی پێشکەش کردووە. مێژووی گەلانی جیهان پڕە لە گوزارشتی تێروتەسەل لەمەڕ چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی ئەو مافە پیرۆزە. بە خوێندنەوەی بەسەرهاتی ڕزگاریی گەلان لە دەست ستەم و ژێردەستەیی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان، بۆمان دەردەکەوێ هەرکامە بە شێواز و ڕێگەی تایبەت بە خۆی هەوڵی دەستەبەرکردنی سەربەستی داوە. هەڵبەت، زۆربەیان ناچار بوونە دەست بۆ چەک بەرن، وەختێک دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکان هیچ مەجالێکیان بۆ وتووێژ و لێکتێگەیشتن نەهێشتووەتەوە. لەو نێوەدا دەکرێت ئاماژە بە شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانیی ١٨٢١ی یۆنان بکەین. ئامانجی یۆنانییەکان ئەو کاتە ڕزگاربوون بوو لە دەستی ستەمکاریی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی؛ یا شۆڕشی ئەمریکییەکان بۆ سەربەخۆیی، ئەو سەرهەڵدانەش ساڵی ١٧٧٦ی زایینی دژی دەسەڵاتدارییەتی ئیمپراتۆریی بریتانیا ساز بوو.

بە خوێندنەوەی پتر بۆمان دەردەکەوێ کە دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن گەلانی جیهانەوە، بە شێوەیەکی یەکسان و ڕاحەت جێبەجێ نەبووە، بەڵکوو ئاکامی گەشەسەندنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی درێژخایەن و ئاڵۆز بووە. زۆربەی ئەو گەلانە وەختێک بوونەتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، کە هەرکامیان لەبەرخۆیەوە ساحێبی زمان و کولتوور و مێژوویەکی دیار و هاوبەش بوونە و بۆیە توانیویانە ڕاحەتتر دژی دەسەڵاتدارییەتیی چەوسێنەر بوەستنەوە. شۆڕشی یۆنانییەکان و ئەمریکییەکان کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، نموونەی بەرچاوی ئەو چەشنەن. لەو نێوەدا، هەلە مێژوویی و کەشە لەبارەکان ناکرێت وەبەرچاو نەگیرێن. سەدەی بیستەم بۆ وێنە، گونجاوترین وادەی زەمەنی بووە و باشترین فرسەتی ڕەخساندووە بۆ بەشێکی زۆر لە گەلانی جیهان، بەتایبەت ئەفریقییەکان. ئەو سەردەمە وڵاتە کۆلۆنیالیستە ئورووپاییەکان کە نەتەوەکانی ئەو قاڕەیان دەچەوساندەوە، خۆیان بەدوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە تووشی داڕمانی ئابووری هاتبوون و توانایی فەرمانڕەواییان لە ئەفریقا کەموزۆر لەدەست دابوو. بۆیە دەیان نەتەوەی ئەفریقی و ئاسیایی توانیان دوای تێکۆشان و سەرهەڵدان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادی، ببنە خاوەن دەوڵەت و سەروەریی خۆیان. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، جیا لە داڕمانی فەرمانڕەوایی ئۆتریش – مەجارستان لە ساڵی ١٩١٨دا، ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانیشمان چوار ساڵ دواتر (١٩٢٢) دیت. ئەوانە بە لێکهەڵوەشانیان بوونە هۆی دروستبوونی دەیان دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ. ساڵی ١٩٩١ی زایینی، گۆرباچۆف ڕۆژی ٢٥ی دیسامبر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئیمزا کرد. شەو ئاڵای سووری سۆڤیەت لەسەر بانی کۆشکی کرێملین داگیرا و ئەو فەرمانڕەواییەش لەبەر یەک هەڵوەشا و دروستبوونی دەیان دەوڵەتی سەربەخۆی لێکەوتەوە. هەر ئەو ساڵە هەمان چارەنووس تووشی یوگۆسلاڤیاش بوو و لە ئاکامدا چەند دەوڵەتێکی وەکوو سلۆڤێنیا، کرۆواتیا و مەقدۆنیا و هتد بوونە وڵاتگەلی سەربەخۆ.

بە وردبوونەوە لە ڕەوتی دامەزران و سەرهەڵدانی زۆربەی دەوڵەتەکان، بەتایبەت ئەوانەی باسمان لێوە کردن، بۆمان دەردەکەوێ کە بۆچوونی شاعیری یۆنانی تەواو لە جێی خۆیدا بووە. واتە، ئەگەر بوێری و فەزیلەت لەگۆڕێدا بێ و فرسەتەکان لە کات و ساتی گونجاودا بقۆزرێنەوە و گرینگییان پێ بدرێت، شانسی سەرکەوتن و گەیشتن بە سەربەستی گەلێک زۆرە. هەڵبەت، پێویستە ئاماژە بەو گرینگییەش بکرێت کە ئەو مەرجە، واتە بوێری و فەزیلەت، ڕەنگە لە قۆناخێکی تایبەتدا کاریگەریی بەرچاوی هەبێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەر دەم و وەرزێک هەمان کاریگەریی لێ بکەوێتەوە. ئەو ماوە زەمەنییەی شاعیر تێیدا ژیاوە سەدەی نۆزدەهەم بووە، واتە سەردەمی دەستپێکی جووڵانەوە ڕزگاریخوازییەکانی گەلانی دنیا. جیهان لەو سەدەیەدا شاهیدی ئاڵوگۆڕی قووڵ بووە و بەتایبەت ئورووپا قۆناخی بەهاری گەلانی دەست پێکردووە. تەنیا لە ساڵی ١٨٤٨دا شۆڕش و سەرهەڵدان سەرتاسەری ئەو قاڕەی تەنیوە و ڕاپەڕینەکانی فەڕانسە، ئاڵمان، ئیتالیا و مەجارستان نموونەی بەرچاوی ئەو جووڵانەوانە بوون.

کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە، ئەویش لە دوای ڕووخانی فەرمانڕەوایی میدیاوە، لەژێر هەر ناوێکدا کە بۆی لوابێ، هەوڵێکی ناتەواوی بە ئامانجی ڕزگاریی خۆی داوە. بۆیە دەڵێم لەژێر هەر ناو و ناسناوێکدا، چونکە وەکوو نەتەوەیەکی یەکگرتووی خاوەن پێناسەی کوردی، بە داخوازییەکی دیار و ڕوون دەرنەکەوتووە. هەوڵدان و ڕاپەڕینەکان زیاتر داکۆکیکردن بووە لە دەسەڵاتی ناوچەیی بەهۆی عەشیرەتەکان و بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی ئەوان. ویستی سەربەخۆیی هەتا سەدەی نۆزدە بە ئاشکرا و بە ڕوونی نەهاتووەتە گۆڕێ. بە کورتی، تەنیا لە سەردەمی گەشەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەییدا، کوردیش وەکوو گەلانی دیکەی جیهان بە ناوی خۆیەوە هاتووەتە مەیدان و هەوڵی بۆ سەربەستی داوە. مەخابن، کاتێک کورد وەخۆ کەوتووە هەم درەنگ بووە و هەم چەند پرسێکی گرینگی بەر لە دەستپێکی خەبات چارەسەر نەکردووە. نەتەوەیەکی گەلێک بوێر و خۆڕاگر بووە، لەخۆی ڕادیوە ڕاپەڕێ و زۆریش هەوڵی داوە فرسەتەکان بقۆزێتەوە، بێ‌فەزیلەتیش نەبووە و کەموزۆر دۆست و دوژمنەکانی ناسیوە، بەڵام بۆ جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازانە تەنیا لەیەکتر جیاکردنەوەی دۆست و دوژمن بەس نییە، بەڵکوو چۆنیەتیی مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دوو لایەنە هونەری تایبەت بە خۆی گەرەک بووە. جێبەجێبوونی ئەو خاڵەش، واتە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ یار و نەیار هەردەم ئاریشەیەک بووە بۆ سەرکردایەتیی کورد. ئەو سەرکردایەتییە چ وەک تاک و چ وەکوو ڕێکخراو، چونکە خاوەنی وردبینیی پێویست و گونجاو نەبووە، دواجار تووشی داڕمان هاتووە. تێکشکانی شۆڕشەکان شاهیدی ئەو کەمایەسییەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا جێگای دۆست و نەیار گۆڕدراوە. دۆست وەکوو نەیار بووە و دوژمنیش چەشنی دۆست سەیر کراوە. لە پەنای ئەو گرفتە بنەڕەتییە، نەخۆشییەکی تاقەتپڕووکێنیش جێی خۆش کردووە و هەناسەی لە بەرخۆدانەکان بڕیوە. کورد وەکوو جەماوەر بەگشتی، هەرچەند بوێری ڕەچاوکردووە، ئەو بوێرییە زۆربەی کات بە ڕووی خۆیشیدا شکاوەتەوە. ئەو هەستە لەجیاتی ئەوەی تەنیا لە هەمبەر دوژمندا مانای هەبێ، بۆ هاوڕەگەزیش کارایی فرەی هەبووە. کە دیارە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتێک کە پێی دەگوترێ ئێگۆئیزم (خۆویستی) یا هەمان خۆپەرستی/خۆویستی. سەیری ڕەوتی هەر ڕاپەڕینێکی کوردی بکەین، وەختێک لە شکستەکەی دەکۆڵینەوە، دواجار دەگەینە ئاکامێک کە گرینگترین هۆکاری ئەو سەرنەکەوتنە هەمان خۆپەرستی بووە. زەحمەت نییە پێداچوونەوەیەکی ورد بەسەر ڕەوتی شۆڕشەکانی کورد لە دوو سەدەی ڕابردوودا بکەین و ئەو دیاردەیە بە زەقی ببینین. هەر سەرۆک عەشیرەتێک تا پێش دەستپێکی شەڕی دووهەمی جیهانی و هەر حیزبێکی سیاسیش دوای ئەو شەڕە، بە ئاشکرا بەرژەوەندی و ئارەزووی خۆی وەبەرچاو گرتووە هەتا ئەوەی کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئامانجی بێ. تەنانەت لەنێو ڕێکخراوەکانیشدا، بەرژەوەندیی تاک دیسان ڕۆڵی لە بڕیارداندا گێڕاوە، بە واتایەک خۆویستییەکی بەهێز، یا من یا هیچ کەسێکی تر.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لەنێو جووڵانەوەی میللەتانی دیکەشدا ئەو دیاردەیە بە ئاشکرا هەبووە و بووەتە هۆی شەڕ و ململانێی نێوخۆیی. بۆ وێنە شەڕەکانی نێوان بەشەکانی باشوور و باکووری ئەمریکا، شەڕی نێوخۆیی لەنێوان کۆماریخوازان و فاشیستەکان لە ئیسپانیا یا بۆلشێڤیک و پاشایەتیخوازان لە ڕووسیە. کە سەیری ڕەوتی ئەو شەڕە نێوخۆییانەی ئەو وڵاتانە دەکەین، دەبینین پتر لە ڕووی فیکرییەوە بووە. شەڕیان لەسەر چۆنیەتیی سیستەمی دەسەڵاتداریی وڵاتەکە بووە، بۆ وێنە چەپ و ڕاستەکانی یۆنان. لە کوردستان بەڵام، ئەگەر هۆی ململانێیەکان ڕکابەرییەکی فیکری و ئایدیایی بووبێ، ئەوەندە کرچ و کاڵ بووە کە تەنانەت مێژووش لە ئاست تۆمارکردنیدا هەست بە شەرمەزاری دەکا. ئەزموونی تاڵیش لەو نیشتمانە ماڵوێرانەدا مانایەکی نییە. ئەوەتا لەسەر ئەو خاکە دابەشکراوە، سەیری هەر پارچەیەکی بکەین، دەیان حیزب و ڕێکخراو دەبینین. زۆربەیان بەشی ململانێی نێوخۆییان زۆر لە بەگژداچوونەوەی داگیرکەر بەلاوە گرینگترە. واتە هەمان نەخۆشیی چارەسەرنەکراوی ئاشنا بە ناوی ئێگۆئیزم یا خۆویستی. سەیرەکەی لەوەدایە کە هەر هەمووشیان وا دەنوێنن کە باوەڕی قووڵیان بە فرەچەشنی و پلۆرالیزمی سیاسی هەیە. لە حاڵێکدا بە بچووکترین دڵئێشانیان، هەڵبەزینەوە ساز دەبێ و دەگژیەکتر ڕۆدێن. ئا لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ، داخوا بەو هەستە نەگریسە بەهێزەی ئێگۆئیزم و ئەو گشتە هەستیارییە، نەتەوەیەکی دابەشکراو لەنێوان چوار وڵاتدا دەتوانێ بە پلۆرالیزمی باسکراو سەرکەوتنێک لە سەرهەڵدانەکانیدا دەستەبەر بکا و ببێتە خاوەن دەسەڵاتی سەربەست و کیانێکی ڕزگاربوو لە دەستی ستەم و چەوسانەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە دوو ڕێگا بگرینە بەر؛ یەکەم سەیری مێژووی ڕەوتی گەلانی دیکەی جیهان بکەین کە بە هەبوونی پلۆرالیزمێکی لەو چەشنە توانیویانە بە قۆناخی سەربەستی بگەن. دووهەم ڕێگا ئەوەیە کە ئایا دەتوانین چارەسەری کێشەی خۆویستی بکەین.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئایا نەتەوەیەک بە هەبوونی چەندین ڕوانگە و ئایدیای جیاواز دەتوانێ خۆی ڕزگار بکا، وەڵامەکەی «ئەرێ»یە، بەڵام ئەزموونەکان پێمان دەڵێن کە پرۆسەکە بە بوارێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێ و پێویستی بە بەرەیەکی یەکگرتوو هەیە. پلۆرالیزم دەتوانێ هەم بەربەست بێ لە بەرامبەر سەرکەوتندا و هەم هێزێکی بزوێنەر. گرینگ ئەوەیە کۆمەڵگا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو فرەچەشنییە دەکا. پێویستییە سەرەکییەکانی کە دەتوانن یارمەتیدەر بن تا بیرۆکە جیاوازەکان کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ڕەوتی خەبات هەبێ، زۆر نین. سەرەتا پێویستە کۆدەنگی یا لانیکەم یەکهەڵوێستی لەگۆڕێدا بێ، زەروور نییە هێزەکان لە باری فیکرییەوە تەواو هاوڕا بن، بەڵکوو لێکنزیکبوونەوە لەمەڕ ئامانجێکی هاوبەش کیفایەت دەکا. بە واتایەک فراکسیۆنەکان لەسەر ئەو خاڵە کۆک بن کە داگیرکەرێک یا دەسەڵاتێکی پاوانخواز لەگۆڕێدا هەیە و لایەنەکان پێویستە پێکەوە دژی بوەستنەوە. نموونەی لەو چەشنە، شۆڕشی ١٨٢١ی یۆنان دیارترینە. سەرۆک عەشیرەتەکان، ئاغاوەت و نوێنەرانی گوندە مەسیحییە یۆنانییەکان، فەناریۆتییەکان (یۆنانییەکانی دانیشتووی دەوروبەری ئیستانبوڵ)، زانایان و ڕووناکبیرانی سەردەمی ڕۆشنگەری، گشتیان بۆ خواستێکی هاوبەش، واتە سەربەخۆیی یۆنان یەکیان گرت و دواجار سەرکەوتن. خاڵێکی تر کە گرینگە وەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە چارەسەری مەترسییەکانی بەر لە قەومانی شەڕێکی نێوخۆیی. لێرەدا مەترسی ئەوە هەیە کە فیکر و ئایدیا وەکوو ئامانج گرینگتر بێ لە خودی ئازادی. بۆ ئەو مەبەستەش پۆتانسیەلی بەخۆوەستان و پشوودرێژیی هێزەکان فاکتەری سەرەکییە و دانەسەپاندنی بەزۆرەملیی ئایدیا بەسەر لایەنەکانی تردا بنەمایەکی پتەوە. هەڵبەت چەند بابەتێکی تریش کە گەرەکە ئاماژەیان پێ بکرێت، ئەمانەن: دیاریکردنی ستراتیژییەکی فرەڕەهەند، دەستەبەرکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و گرینگیدان بە دۆخی ڕۆژی دوای سەرکەوتن.

جیا لە نموونەی یۆنان، لە چەند شۆڕشی گەورەی دیکەشدا، ڕاست لە قۆناخی خەباتدا، گرووپە جیاوازەکانی خاوەن ئایدیۆلۆژیای جۆراوجۆر وەکوو لیبراڵ، چەپ، ئایینی و ناسیۆنالیست یەکیان گرتووە و هاوپەیمانییان دامەزراندووە کە ئامانجی هەموویان تەنیا یەک خاڵ، واتە ڕووخاندنی ڕژێمی دەسەڵاتدار بووە. شۆڕشی ڕووسیە ساڵی ١٩١٧، کە تێیدا مێنشڤیکەکان (میانەڕەو) و بۆلشێڤیکەکان (ڕادیکاڵ) گرینگترین ڕۆڵیان گێڕاوە بە مەبەستی ڕووخاندنی فەرمانڕەوایی تزار. لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانیشدا بە هەمان شێوە لایەنە ئایینی، ناسیۆنالیستی، چەپ و ڕۆشنبیرییەکان بەشدارییان کرد کە ڕووخاندنی حکوومەتی پەهلەوی لێکەوتەوە. شۆڕشی کووبای ساڵی ١٩٥٩، لەو شۆڕشەدا بە هەمان شێوە، چەند هێزێکی دێموکراسیخواز و ناسیۆنالیست بە ئامانجی کاراکردنەوەی دەستووری دێموکراتیک یەکیان گرت. لە سەردەمی دەسەڵاتدارییەتیی حیزبی بەعس لە عێراق، بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام، بە دامەزرانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی – کوردستانی هەنگاوی خێرا نرا و ئاکامەکەی بووە کۆتایی حکوومەتی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣دا.

بە خوێندنەوەی دووبارەی مێژووی ئەو شۆڕشانەی دواجار باسمان لێوە کردن، دەبینین لە گشتیاندا هێزەکان پێش شۆڕش تەبا و ڕەبا بوونە، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش دە گیانی هەڤدوو بەربوونە و یەکتریان لە گۆڕەپانەکە دەرکردووە. نموونەی زەق هاتنە سەر دەسەڵاتی ئایینییەکان لە ئێران و بۆلشێڤیکەکان لە ڕووسیە و هێزەکانی شیعە و سوننە و کورد لە عێراق. جا مادام ئەو دیاردە ناحەزە چاوەڕوانی دواڕۆژی هاوپەیمانییە لاوازەکانە، پێویستە بەر لە سەرکەوتنی خەبات بۆ ڕووخانی سیستەمەکان، خۆیان میکانیزمێک دامەزرێنن کە دواڕۆژی سەرکەوتن بە خوێن سوور هەڵنەگەڕێ. بە واتایەک ئەگەر بوێری و فەزیلەت وەبەرچاو گیرا، شەڕگێڕەوەیەکیش بۆ ڕۆژی دوای سەرکەوتن پێویستە و ئەوە تێبینییەکی گرینگە و دەبێ لە سەرەتاوە وەبەرچاو بگیرێت. ئەگەر نا هاوپەیمانییەک کە هەر بۆ ڕووخانی ڕژێمێکی ستەمکار بێ و ڕۆژی دوای ڕووخانی بۆ گرینگ نەبێ، مانای ئەوەیە لە سەرەتاوە بە بەردی فرتوفێڵ بناخەکەی دامەزراوە.