کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورکێر: دەستپێڕاگەیشن رێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمی زۆر مەترسیدارە

20:40 - 23 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنا، رەوت و ئاراستەی دانوستانی ناوکی لەگەل رێژیمی ئێرانی، مەترسیدار وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا، رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢١ی رێبەندان، سێناتۆر باب کورکێر، بەرپرسی کۆماریخوازی کۆمیتەی پەیوەندیی دەرەوەی سێنا، پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا، جەختی لەسەر دوو لایەنە بوونی دانووستان نێوان ئێران و ئامریکا کرد و رایگەیاند کە گریمانەکان بۆ دیاریکردنی سنوودارکردنی یەک ساڵەی کاتی پێویستی بۆ رێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی؛ زۆر مەترسیدارە.

بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی سێنا لە درێژەدا رایگەیاند: گرینگترین پرسیار بۆ ئێمە، پێشگیری لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمییە.

چەند رۆژ پێشتریش، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک‌وەزیری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی خۆیدا جەختی لەسەر گرینگ بوونی پێش گرتن لە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران لەلایەن گرووپی ١+٥ کردەوە.

نتانیاهۆ لە قسەکانیدا رایگەیاندبوو بۆ پیشگرتن لە هەر جۆرە رێکەوتنی خراپ و مەترسیدار کە بۆ داهاتوو تەناهیی نیشتمانیی وڵاتی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، هەر جۆرە کردەوەیەک ئەنجام دەدەین.

هەروەها، یووال ئێشتاینیتز، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل، رایگەیاندووە کە گرووپی ١+٥ هەر لە کاتی یەکەمین رێکەوتنی ژنێڤ لەگەل ئێران، لە سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاویدا، تووشی هەڵە بوو و جەختی کردەوە : رێژیمی ئێسلامیی ئێران نابێت تەنانەت بەرنامەی سنوورداری ناوکیی ببێت.

ئاویەر.ت