کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامێکی سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە عێراق

14:22 - 29 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دیکەی سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بە ناوی محەممەدهادی زولفەقاری لە شاری سامێرای عێراق کوژرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم و فارس سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٨ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لەژێر ناوی فەقێ (طلبە) بە ناوی محەممەدهادی زولفەقاری لە شاری سامێرای عێراق کوژرا.

ئەو ئەندامە سپای پاسداران بە هۆی تەقینەوەیەک کە لەلایەن گرووپی داعش دانرابووە؛ کوژراوە.

ئەو تەڵەبەیە لەژێر ناوی پارێزەرانی حەرەم شان بە شانی هێزە میلیشا شیعەکانی عێراق شەڕی کردووە و دواتر کوژراوە.

هەتا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سپای پاسدران لە عێراق و سووریە کوژراون و هەر لەو ماوەیەدا جێگری ئیتلاعاتی عەمەلیاتی لەشکری پێنجی نەسر لە ئەنجامی شەڕ لەگەڵ گرووپی داعش لە سامێڕا کوژرا و هەروەها مەهەدی نۆرووزی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای فەرماندەری پایگای بەسیجی تەیمووری‌نیای کرماشان لە شاری سامێرا کوژراوە.

هەروەها حەمید تەقەوی لە فەرماندەرانی پایەبەرزی هێزی قودسی سپا بە دەستی تیرهاوێژێکی گرووپی داعش کوژرا.

عەلی شەمخانی دەبیری شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی ئێران لە سەر کوژرانی ئەو ئەندامانەی سپای پاسداران رایگەیاندووە: ئەگەر تەقەوییەکان لە سامێرا خوێن نەدەن ئێمە دەبێت لە سیستان، ئازەربایجان، شیراز و ئیسفەهان خوێن بدەین.

پێشتریش هەواڵدەریی رسا رایگەیاندبوو کە نزیک بە ٢٠ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون.

لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی فارس کە سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامییە ماوەیەک پێش ئێستا بڵاوی کردەوە عەلی سوڵتان مورادی و عەباس عەبدوڵـلا لە ناوچەی کوفر نساج لە باکووری رۆژئاوای دەرعا کوژراون و تەرمەکەیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە دژبەرەکاندایە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەردەوام لە سەر هاوکاریی ستراتژیک لەگەڵ سووریە جەختیان کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە سووریە بۆ ئێران هێڵی سوورە و پشتیوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە رێژیمی سووریە بێ‌سنوور وەسف کردووە.

هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریە بەشدارن و شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی سووریە هاووڵاتییان دەکوژن.

رێژیمی ئێران سەرەڕای ناردنی هێزی سپای پاسداران بۆ سووریە و هەروەها هەناردنی کەسانێک بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد، لە ماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریە، بڕی پارەیەکی زۆریشیان خەرج کردووە.

کارناسانی نیزامی لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و بەشداریی نیزامی رێژیمی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە، رێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر باری تێچوویەک بە بڕی ٩ هەتا ١٥ میلیارد دولار.

گادەر.د