کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابیانی شیناوێ لە بەدەرم بینای سەرکۆماریی رێژیم

16:21 - 9 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بنەماڵەی قوتابییانی شیناوێ لەمەڕ جێبەجێ نەکرانی وادە و بەڵێنیی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ جاری سێیەم لەبەردەم بینای سەرکۆماریی رێژیمی ئیسلامی لە تاران، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دربڕی.

هەواڵدەریییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بنەماڵەی قوتابیانی گوندی شیناوێ بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر جێبەجێ نەکرانی بەڵێنیی بەرپرسانی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ پەڕگەی کچە قوتابییانی شیناوێ له بەردەم بینای سەرکۆماریی رێژیم کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٣ هەتاوی، کچە قوتابییەکانی شیناوێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەردەم دەفتەری سەرکۆماریی رێژیم لە شەقامی پاستۆری تاران کۆ ببوونەوە.

پێڕانەگەیشتن و نەدانی دیەی کامڵی ئەو کچانە لە رۆژی دیاریکراودا، واتە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی و کەم کردنەوەی رێژەی سەدیی سووتانی قوتابییانی شیناوێ لەلایەن پزشکی یاسایی لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵەکانی ئەم قوتابیانە راگەیاندراوە.

کۆبونەوەی کچە قوتابییەکانی شیناوێ پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە، کە ئێدارەی بیمە رایگەیاند؛ بەهۆی کچ بوونی ئەم قوتابییانەوە، نیوەی دیەکەیان پێ دەدرێ..

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، پۆلی چوارەمی سەرەتایی قوتابخانەی گوندی شیناوێ سەربە شارستانی پیرانشار بەهۆی گڕگرتنی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەیانەوە، ٣٧ قوتابیی ئەو قوتابخانەیە سووتان و دو قوتابیی ئەو قوتابخانەیەش گیانیان لەدەست‌دا.