کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵە هێرشی ئاسایش بۆ سەر حیزبی دێموکرات مەحکووم دەکات

16:05 - 16 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: سکرتاریای کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، لە راگەیەندراوێکدا هێرشی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ کەمپی ئازادی و بێ‌حورمەتی بە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانی ئەو حیزبەی مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزی ئاسایش و پۆلیسی شاری کۆیە، هێرشیان کردە سەر کەمپی ئازادیـی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بێ‌ڕێزیەکی زۆریان بە بنەماڵەکانی و هەروەها زۆربەی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە کرد.

لەم پێوەندییەدا، سکرتاریای کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ــ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هێرشی هێزەکانی ئاسایشی بە توندی مەحکووم کردووە و داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بە زووترین کات هۆکاری ئەم کردەوەیە بۆ بیروڕای گشتی خەڵک روون بکەنەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

به‌ پێی راگه‌یاندنێك كه‌ له‌ لایه‌ن حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه‌ بڵاو بۆته‌وه‌، رۆژی سێشه‌ممه‌ ١٢ی مانگی ره‌شه‌ممه‌ هێزێكی هاوبه‌شی ئاسایش و پۆلیسی كۆیه‌، به‌ بیانووی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كه‌مپی ئازادی حیزبی دیموكرات و بێ رێزی به‌ بنه‌ماڵه‌ و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ كه‌مپه‌كه‌ بوون، ده‌كه‌ن.

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ ئه‌م هێرشه‌، به‌ هه‌ر پاساوێك بێت به‌توندی مه‌حكوم ده‌كات و خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌ن پێوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ زووترین كاتدا ورده‌كارییه‌كانی هۆكاری ئه‌و هێرشه‌ بۆ رای گشتی روون بكه‌نه‌وه‌ و رێوشوێنی پێویست بۆ پێشگرتن له‌ دووپات بوونه‌وه‌ی رووداوی له‌م چه‌شنه‌ بگرنه‌ به‌ر.

ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ (رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)
١٣ی ره‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٣ی هه‌تاوی


پێشتریش لە درێژەی مەحکووم کردنی هێرشی هێزەکانی ئاسایشی کۆیە بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، حیزبی لیبڕاڵی دێموکراتی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان و، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە راگەیەندراوی فەرمیدا ئەم کردەوە نەشیاوەیان مەحکووم و داوایان کردووە کە بە زووترین کات لە رێگای یاساییەوە بەدواداچوونی ئەو رووداوە بکرێت.

هەروەها حەمەی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سووسیالیست دێموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، نیگەرانی خۆی نیسبەت بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزەکانی ئاسایشی کۆیە نیسبەت بە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕیوە.

سکرتێری حیزبی سووسیالیست دێموکراتی کوردستان سەرەڕای مەحکووم کردنی هێرشی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بۆ سەر کەمپی ئازادی، داوای لە پارلمانی کوردستان کردووە کە بۆ کۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسوکەوتانە، یاسایەک پەسند بکرێت تاکوو ئیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەجبوور بە خزمەت کردن بە نەتەوەی کورد بن.

هەر لەم پێوەندییەدا چەند چالاکی فەرهەنگی و سیاسی نامەیەکیان بۆ مەسعوود بارزانی ناردووە و داوایان کردووە کە هەنگاوی جیددی بۆ کۆتایی هێنان بەم جۆرە هەڵسووکەوتانە هەڵ بگرن.

هاوکات لەگەڵ رووماڵکردنی ئەو رووداوانە لە رێگەی میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە، چەندین چالاکی فەرهەنگی خەڵکی کۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک فەیسبووک بە مەحکووم کردنی ئەم هەڵسووکەوتە نەشیاوەی هێزەکانی ئاسایش خوازیاری ئەوە بوون کە بەرپرسانی دەسەڵاتدار لە ئاسایشی ئەم شارە وەک بەرپرسی ئاسایش داوای لێبوردن لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەن.

ژوان.ک