کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچ کردنی ساڵانە لانیکەم ٤ هەزار دانیشتووی گوندەکانی پارێزگای ئورمیە بۆ شار

14:46 - 2 رێبەندان 2714

کودستان میدیا: لە پارێزگای ئورمیە ساڵانە لانیکەم ٤ هەزار دانیشتووی گوندەکانی پارێزگای ئورمیە بۆ شار کۆچ دەکەن.

بەپێێ راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆچ کردنی بەردەوامی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندەکان بۆ شار لە پارێزگای ئورمیە بووەتە کێشەیەکی سەرەکی کە دەتوانێت لە بواری ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی ببێتە کێشە و زەرەر بگەیەنێت.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و پشت‌بەستن بە ئامارە فەرمییەکان، بەرپرسی ئاماری پارێزگای ئورمیە رایگەیاندووە کۆچ کردنی دانیشتووانی گوندەکان بۆ شار بەردەوام رووی لە زیاد بوونە و ئەمە بووەتە قەیران و هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکی سەرەکی بۆ پێشگرتن لە کۆچ کردنی ئەم هاووڵاتییانە نەدراوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، جێگری ئاوەدانکردنەوەی کاروباری گوندەکانی بوونیادی مەسکەنی ئینقلابی ئیسلامیی پارێزگای ئورمیە سەبارەت بە کۆچ کردنی گوندنشینەکان بۆ شار رایگەیاندووە کۆچ کردنی هاووڵاتییان بەردەوام رووی لە زیاد بوونە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران، لە ساڵی ١٣٧٥ هەتاوی، حەشیمەتی گوندەکانی پارێزگای ئورمیە سەرەڕای زیادبوونی حەشیمەتی گشتیی پارێزگا، لە یەک میلیون و ١٨١ هەزار و ١٥٩ بۆ ٩٧١ هەزار و ٥٠٥ کەس دابەزیوە. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەدا ٢٠٩ هەزار و ٦٥٤ کەس لە گوندەکانەوە روویان لە شارەکانی پارێزگای ئورمیە کردووە.

ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆرترین بەشی ئەو کەسانە کە لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٧٥ تا ١٣٩٠ کۆچیان کردووەتە شارەکان، لە ماوەی ساڵی ٨٥ تا ٩٠ تۆمار کراوە و تەنیا لەو ماوەیەدا ١٧٧ هەزار کەس لە گوندەوە روویان کردووەتە شارەکان و لە سارەکاندا نیشتەجێ بوون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەکیترین هۆکاری کۆچ کردنی هاوووڵاتییان بۆ شار، بێکاری، هەژاری، کەمیی ئاو، نەبوونی ئیمکانات، نەبوونی قۆتابخانە، نەبوون نەخۆشخانە و نەبوونی رێگە و بانی باش دەگەڕێتەوە.

بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران سەرەڕای پشت‌ راستکردنەوەی کێشەی سەرەکی کۆچ کردنی دانیشتووان، هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە نادەنەوە.

کەم بوونەوەی حەشیمەتی گوندەکان، نەمانی هێزی چالاک و توانا لە گوندەکان، تێکچوونی پێکهاتەی حەشیمەتی گوندەکان، گۆڕانی توێژی گوندەکان، لە ناوچوونی کشتووکاڵ و گۆڕانی سروشتیی گوندەکان لە ئەنجامەکانی کۆچەریی گوندنشینەکان بۆ شارەکان هەژمار دەکرێن.