کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر خەڵکی سەردەشت

21:15 - 16 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت بە هاوکاریی هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئاگاهی گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەو شارە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند حەفتەی رادبردوودا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بە هاوکاریی هیزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئاگاهیی رێژیم کەش‌وهەوایەکی توندوتۆڵی ئەمنییەتییان بەسەر ساری سەردەشت بەتایبەت پارکەکاندا زاڵ کردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ئەو هێزانەی رێژیم بەتایبەت لە پارکی لالەی شاری سەردەشت گوشار دەخەنە سەر خەڵک و ئەوەش بووتە هۆی ئەوەیکە ئەو کەسانەی بۆ حەسانەوە دەچنە ئەو پارکە هەست بە ئەمنییەت نەکەن.

هاووڵاتییەکی کورد لەو پەیوەندییەدا لە وتووێژێکدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: لاوانی سەردەشت بە هۆی نەبوونی کار زۆربەی کاتەکانی خۆیان لە پارکەکاندا دەگووزەرێنن بەڵام هێزەکانی رێژیم بە بیانووی پاراستنی ئەمنییەتی میوانەکانی شار و بە مەبەستی پێش گرتن لە تەبلیغات بۆ حیزبە کوردیە دژبەرەکانی رێژیم لە نێو لاوەکاندا، دەستی بە دانانی کامێرای شاراوە و هەروەها ناردنی مۆرەکانی خۆی بۆ نێو ئەو پارکە کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا رایگەیاند: بە هۆی ئازار و ئەزیەتی زۆری لاوان لەلایەن رێژیمەوە، زۆر کات تێکهەڵچوون لە نێوانیان دروست دەبێت کە ئەوە بۆخۆی بووەتە بیانوویەکی دیکە بۆ گوشار خستنەسەر و چاوەدێری زیاتر بۆ سەر لاوانی ئەو شارە.

ئەم راپۆرتە باس لەوەدەکات کە هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تێكڕای شەقام و مەیدانەکانی شاری سەردەشتیان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ تەنیوە و جموجۆڵی خەڵکیان خستووەتە ژێر چاودێریی خۆیانەوە.

رێژیمی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دایە کە دووبەرەکی و شەڕ و ئاژاوە لە نێو خەڵکدا ساز بکات و بە بیانوو گەلی دیکە وەکوو بۆنە تایبەتییەکان لە کوردستاندا زەخت و گوشار دەخاتە سەر هاووڵاتیان.

شەپۆلی میلیتاریزە کردن لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە زۆربەی شارەکانی کوردستانی داگرتووە و رۆژ لە دوای رۆژ ئەم دۆخە ئەمنییەتییە توند و تۆڵتر دەبێت.

گادەر. د