کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گومانی ئەوە هەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێکەوتنی ناوکی پێشێل کردبێت

21:47 - 19 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: گۆمانی ئەوە دەکرێت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ نەبووە و ئەوەش بۆتە هۆی درووستبوونی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئامریکا و ڕووسیە.

هەواڵدەریی ئاسۆ شێتد پرێس ڕایگەیاند، بە هۆی چۆنییەتی دانەوەی ڕاپۆرت بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ڕادەی پابەندبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بڕیارەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان خۆی و وڵاتانی ٥+١، بۆشایی و ناکۆکی کەوتۆتە نێوان ئامریکا و ڕووسیە.

هاوکات وڵاتانی ڕۆژئاوایی داوایان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە کە وردەکارییەکانی بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی، لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاشکرا بکرێن، بەڵام ڕووسیە کە لەو نێوانەدا اوپەیمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، دژایەتی خۆی لەمەڕ ئەو ئاشکراکردنانە دەربڕیوە.

ڕووسیە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی سەرەڕای هەموو ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوانیان، لەمەڕ کەیسی ئەتۆمی ئێران ڕێککەوتوون و ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە، بەڵام دەوترێت کە ئەوە لایەنێکی مژارەکەیە و لە پشتی پەردە ناکۆکی و جیاوازی بیروبۆچونی زۆر لە سەر وردەکارییەکانی ئەو ڕێکەوتنە لە نێوانیاندا هەیە.

سەرۆکی هەیئەتی ڕووسیە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ویلادمیر ویرۆکف کە هاوکات سەرۆکایەتی هەیئەتی چاودێری بە سەر ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١دا دەکات ڕایگەیاند کە، ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان هەردوو لایەن هەیە، لە دواڕۆژدا کاریگەرییان دەبێت لە سەر ئەو وردەکارییانەی کە دەخرێنە بەر دەستی بیرووڕای گشتی.

لایەنەکانی ناڕازی لە بەرانبەر ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێیان وایە کە، لە ڕاپۆرتەکاندا هیچ باسێک لە ڕێژەی سانتریفیووژەکان و هەروەها ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نەکراوە، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە سانتریفیووژە پێشکەوتووەکانی ڕێژیم و هەروەها ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو و پاشەکەوتکراو لەبەردەستدا نییە.