کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆلاند: ئامانجە ناڕوونەکانی رێژیمی ئێران بەربەستی گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکییە

20:26 - 16 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سەر کۆماری فەرانسە رایگەیاندوە کە لێبڕاوەیی و هەڵوێستی فەرانسە بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی نەگۆڕدراوە.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە فرانسوا ئۆلاند، سەرکۆماری فەرانسە لە وتووێژێکی رادیۆییدا رایگەیاندووە کە پەروەندەی ناوکیی رێژیمی ئێران ناڕوونییەکی زۆری پێوە دیارە و جەختی کردووەتەوە: مەبەست و ئامانجی رێژیمی ئیسلامی لە چالاکییە ناوکییەکانی ناڕوونە.

سەرکۆماری فەرانسە لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی کە هەتا کاتێک ناڕوونی لە دۆسییەی ناوکیی رێژیمی ئێراندا هەبێت هەڵوێستی فەرانسە سەبارەت بەو پرسە هەروا توند و لێبڕاوانە دەمێنێت.

ئۆلاند لە درێژەدا وتوویەتی: ئەگەر ئەو ناڕوونیانە روون نەبنەوە لە نێوان شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی و رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مانگی ژوئەندا هیچ رێکەوتنێک بەدی نایەت.

پێشتر لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا و لە دوایین خولی دانوستانە ناوکییەکان، بەهۆی کێشەگەلێک وەک نەبوونی پێشکەوتن کە دانوستانەکان، هێڵی سووری دیاریکراو لەلایەن رێژیمی ئێران بۆ شاندی دانوستانکار و نەبوونی چەمهەڵگریی رێژیم، ناڕوونی لە بەرنامە ناوکییەکان و بەکارهێنانی لایەنی نیزامی و هەروەها وڵام نەداونەوە بەو پرسیارانەی کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی خرانەڕوو، ماوەی دانوستاندن بۆ ماوەی ٧ مانگی دیکە درێژ کرایەوە؛ درێژکردنەوەی ماوەی وتووێژەکان بە وتەی کارناسان ئامانجی رێژیم لە دانوستانەکانە کە هەمان کڕینی کاتە دەپێکێت.

لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا سێناتۆر جان مەک‌کین یەکێک لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا و کاندیدی پۆستی سەرکۆماری لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئامریکا لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی ئەلحۆڕە رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێرانی بە هەر شێوەیەک رەت کردەوە و بە فرۆشتنی پرەنسیبەکانی ئامریکای ناودێر کرد و جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی موشەکە و هەر جۆرە رێکەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ئەو رێژیمەی بۆ کۆمەڵگای جیهانی خراپ وەسف کرد.