کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆنگرێسی ئەمریكا دەیهەوێ گەمارۆی زیاتر بە سەر ڕێژیمی ئێراندا بسەپێنێت

15:31 - 25 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: جاش ئێرنێست، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند كە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بە سەر ڕێژیمی ئێراندا بەهۆی تاقیكارییە مووشەكییەكانی مانگی ئۆكتۆبری ئەمساڵ لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، ئەم لێدوانە دوابەدوای ئەوە دێت كە ڕاپۆرتێكی تیمی چاوەدێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە سەر گەمارۆكانی ئێراندا ڕایگەیاندبوو ڕێژیمی ئێران بە تاقیكردنەوەی مووشەكی بالستیكی عیماد لە مانگی ئۆكتۆبری ڕابردوودا بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی پێشێل كردووە.

تیمی چاوەدێران لەو باوەڕەدایە كە مووشەكی عیماد دەتوانێ لانیكەم هەزار كیلۆگرەم بار تا مەودای هەزار كیلۆمیتری هەڵبگرێت لە كاتێكدا كە بە وتەی ئەوان جۆرێك لە مووشەكی بالستیك كە بتوانێ لانیكەم تا ٥٠٠ كیلۆگرەم بار تا مەودای ٣٠٠ كیلۆمیتری هەڵبگرێت، بە مووشەكی بالستیكی خاوه‌نی توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ناوكی دەژمێردرێت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكە، ڕێژیمی ئێران لە هەڵدانی مووشەكی عیماددا كەڵكی لە تیكنۆلۆژیی مووشەكە بالستیكەكان وەرگرتووە.

ئەو ڕاپۆرتەی تیمی چاوەدێران پاش ئەوە ئامادە كرا كە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە مانگی ئۆكتۆبردا داوایان لە كومیتەی گەمارۆكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە وەڵامێكی گونجاوی پێویست، بە تاقیكردنەوەی مووشەكی عیماد لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بدات.

ئەمریكا ئەو نامەیەی بە نوێنەرایەتیی سێ وڵاتی دیكە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نارد كە تێیدا ئاماژە بەوە كرابوو كە مووشەكی عیماد توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ناوكیی هەیە.

ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەر هەواڵ تاقیكردنەوەی سەركەوتوانەی مووشەكێكی زەوین بە زەوینی نوێی بە ناوی مووشەكی عیماد بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند كە ئەم مووشەكە دەتوانێ ئامانجەكانی خۆی بە وردیی تەواو بپێكێت و بە تەواوی لە نێویان ببات.

بڕیارنامەی ژمارە ١٩٢٩ی ئەنجومەنی ئاسایش كە تاقیكردنەوەی مووشەكە بالستیكەكان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە قەدەغە دەكات، ساڵی ٢٠١٠ پەسەند كرا. تەمەنی ئەو بڕیارنامەیە تا كاتێك دەبێت كە ڕێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و گرووپی ١+٥ (بەرجام) بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.