کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆنگرەی جڤاكی دێموكراتیك \"خۆبەڕێوەبەریی دێموكراتیك\"ی ڕاگەیاند

21:55 - 7 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: دوای ئەوەی كە پارتی كرێكارانی كوردستان خۆبەڕێوەبەریی دێموكراتیكی ڕاگەیاند، ك.ج.دش ئەو بڕیارەی بە دەنگی گشتی پەسند كرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، دوای ئەوەی كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پ.ك.ك) خۆبەڕێوەبەریی دێموكراتیكی ڕاگەیاند و دەوڵەتی توركیەش لە بەرانبەر ئەم بڕیارەدا ڕێگای سەركوتی گرتە پێش و لە ئاكامدا شەڕ و ئاڵۆزییەكان زۆربەی شارەكانی كوردستانی باكووری گرتەوە، كۆنگرەی جڤاكی دێموكراتیك (ك.ج.د)یش ئەو بڕیارەی لە كۆبوونەوە نائاساییەكەی خۆیدا بە دەنگی گشتی پەسند كرد.

بەیاننامەی كۆتایی ئەو كۆبوونەوە نائاساییەی ك.ج.د لە لایەن خەتیب دیجلەو سەلما ئیرماكەوە خوێندرایەوە و تێیدا بڕیاری دامەزراندنی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەكان لە كوردستانی باكوور درا.

شایانی باسە دەمیرتاش لەو كۆبوونەوە نائاساییەدا گوتی: دیاریكردنی مافی چارەنووس، مافی بێ ئەملاوئەولای ئێمەیە و ئێمە خۆبەڕێوەبەریی دێموكراتیك پەسند دەكەین و ئا.ك.پش یان دەبێ ئەمە قبووڵ بكات و یانیش هەرچی لەدەستی دێ، با بیكات.

لە ئاكامی ئەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی باكووری كوردستان و ژمارەی كوژراو و بریندارەکانی خەڵكی مەدەنی، سەرژمێریی جۆراوجۆر بڵاو دەبنەوە، كە بەپێی دوایین سەرژمێری كە لە لایەن وەقفی مافی مرۆڤەوە بڵاو بووەتەوە، لە مانگی خەرمانانەوە تا ئێستا، ١٢٤ كەس لە خەڵكی مەدەنی كوژراون.