کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ درێژەی رەوتی بێکاری، پێشەی ناتەواو و بەرز بوونەوەی تاوانەکان

15:17 - 21 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: هەڵسووڕانی گرووپەکانی بڵاوکەرەوەی مادەی سڕکەر و کڕین و فرۆشتنی ئامێری پەیوەندیدار، گەرانی باند و تاقمی تاڵانکەر و گیرفانبڕ و هەروەها هەڵکەندنی ئاسەوارە مێژووییەکان لەو تاوانەن کە لە ئیلام روویان هەڵکشان کردووە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، لە حەفتەی رابردوودا چەندین حاڵەتی تاوانکاری لە ئیلام رووی داوە کە بەرچاوترینیان تاڵانکاری، دزی و گیرفانبڕی، کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر و ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی و هەڵکەندنی ئاسەوارە مێژووییەکان بووە.

بەپێی ئەو ئامارەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاو بووەوە، پارێزگای ئیلام بە ١٨.١% نرخی پیشەی ناتەواو، ٢٠.٥% پشکی پیشەی ناتەواو و ٩.٢% نرخی رێژەی پیشەی ناتەواو لە یەکەم پلەی ئاستی رێژەی پیشەی ناتەواو لە ئێراندایە.

بەپێی پێناسەی زانستی، پیشەی ناتەواو سەرجەم ئەو پیشە و سەرقاڵیانە دەگرێتەوە کە تاک لە حەفتەی چاوگدا بە هۆکارگەلی وەک نەبوونی هەلی کار و قەیرانی ئابووری کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر کار دەکات و لەهەمان کاتدا خوازیاری کار و هەڵسووڕانی زۆرتر لە حەفتەی یەکەمدا بووە.

لەو پەیوەندییەدا، شارستانی بەدرە لە ئیلام، خاوەنی هەزار و دووسەد خوێنکاری دەرچووی زانکۆ بە بڕوانامەی کارناسی باڵا و دوکتۆرایە کە تا ئێستا دەرفەت و هەلی کاریان بۆ نەرەخساوە.

بێکاری لە ئیلام کە لە ئێستادا بووەتە هۆی سەرەکیی بەرز بوونەوەی تاوانکاری لەو پارێزگایە، لە حاڵێکدایە کە رووبەری ئیلام بەگشتی لەسەر کانگای ژێرزەوینی جۆراوجۆر هەڵکەوتووە.