کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەهۆی گەمارۆ نوێیەكەی ئەمریكاوە ٤ میلیارد دۆلار خەساری وێدەكەوێت

15:54 - 8 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: یاسای نوێی ئەمریكا لەمەڕ نەدانی ڤیزا بە دانیشتوانی ٣٨ وڵات، خەساری ٤ میلیارد دۆلاریی بە پیشەی گەشتیاریی ئێران دەگەیێنێت.

لەحاڵێكدا كە سەنعەتی گەشتیاری بەیەكێك لە سەرچاوەكانی داهات و ئەرز بەئەژمار دێت و كۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەمای گەشەدان بەم سەنعەتە لە پاش ڕێككەوتننامەی ناوكی بوو، یاسای نوێی ئەمریكا لەمەڕ نەدانی ڤیزا بە دانیشتوانی ٣٨ وڵات كە لە مارسی ٢٠١١وە سەردانی ئێرانیان كردووە، ئەم خەیاڵەی كردە بڵقی سەر ئاو.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەكان ئێران بەهۆی ئەم یاسا نوێیەوە زیاتر لە ٤ میلیارد دۆلار خەساری وێدەكەوێت.

ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی جیهانیی گەشتیاری باس لەوە دەكات كە لە ساڵی ٢٠١٣دا ١میلیۆن و ٧٨٠ هەزار گەشتیار لە ئوروپاوە، ٦٢١هەزار كەس لە باشووری ئاسیا، ١٢٥هەزار توریست لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ٧٠ هەزار كەسیش لە ئەمریكاوە سەردانی ئێرانیان كردووە كە بە جێبەجێكردنی ئەم یاسا نوێیە، بەشی بەرچاوی ئەم گەشتیارانە چیدیكە ناتوانن سەردانی ئێران بكەن و ئەمەش واتە خەساری ٤ میلیارد دۆلاری بۆ ئێران.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم هەر توریستێكی بیانی بەشێوەی نێونجی ١٥٠٠ دۆلار لە سەفەرەكەیدا لە ئێران سەرف دەكات كە بە لەبەرچاو گرتنی بێكار بوونی ئەو كەسانەی لە بیاڤی گەشتیاریدا كار دەكەن، خەساری ئاماژەبۆكراو لە ٤ میلیارد دۆلاریش تێدەپەڕێت.