کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ریزی ئابوورییە داخراوەکانی جیهان

16:14 - 28 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: ئێران لە نێوان ١٨٧ وڵاتی جیهان، لە بواری ئابووری داخراو لە پلەی ١٧١ دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دامەزراوەی هریتیج کە وڵاتانی جیهانی لە بواری ئازادیی ئابووری پۆلێنبەندی دەکات، لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی خۆیدا رایگەیاندووە کە ئێران هەرە وەک جاران لە ریزی ئابوورییە داخراوەکانی جیهان دایە.

بەپێی نوێترین راپۆرتی بونیادی هریتیج، ئێران لە بواری ئابووریدا لە نێوان ١٨٧ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٧١ دایە و لەگەڵ کورەی باکوور کە لە بواری ئابووریدا داخراوترین وڵاتی جیهانە، تەنیا ٧ پلەی جیاوازیی هەیە؛ بەڵام بە سەرنجدان بە گەورەیی ئابووریی وڵاتان و بەرهەمی ناخالسی نێوخۆیی، دەکرێت ئێران وەکوو داخراوەترین ئابووریی جیهان بناسێنرێت.

لەم پۆلێن بەندییەدا ١٨٧ وڵاتی جیهان لە بازنەی پێنج گرووپی ئازاد، ئازادی زۆرینەیی، ئازادی رێژەیی، داخراوی زۆرینەیی و سەرکوت کراودا جێیان گرتووە و هەر کام لە وڵاتان لە سیفر هەتا ١٠٠ خاڵیان پێدراوە کە ئێران لێرەدا ٤١،٨ خاڵی وەرگرتووە و لە نیوەی رێژەی نێونجی وڵاتانی ئازادیش پوانی کەمتری وەرگرتووە.

بە پشت بەستن بە راپۆرتی بونیادی هریتیج، نێونجی جیهانیی خاڵ لەباری ئازادی ئابووریی ٦٠،٤ دەسنیشان کراوە کە ٢٠ پلە لە ئاستی دیاریکراو بۆ ئێران لە سەرەوەترە.

دەسەڵات و سەروەریی یاسا، سنوورەکانی دەوڵەت، کاریگەریی یاساکان و ئازادیی بازارەکان چوار پێوەری سەرەکی پلەبەندیی وڵاتان لە بواری ئازادیی ئابووری دایە کە لەلایەن بونیادی هریتیج لەبەر چاو دەگیردرێت و لە خۆیدا ١٠ پێوەری لاوەکیشی لەگەڵ دەبێت.

جگە لە داخراوەیی ئابووریی ئێران، لە ماوەی چەند سالی رابردوودا گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی ئامریکا بە ژی رێژیمی ئێران، بەرەو پێش چوونی ئابووری و پیشەیی وڵاتی ئێرانی دابەزاندووە، سەرمایەگوزاریەکانی دەرەکی کەمی کردووە، نرخی تمەنی دابەزاندووە، نرخی هەڵاوسان چەند قات بردووەتە سەرەوە و بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەم هێنان و هاوردە نەوت و گاز و بەم شێوەیە چەپۆکێکی قورسی داوە سەر قەوارە و سیستێمی ئابووری ئێران.

ئاویەر.ت