کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ گیان لە دەستدانی مانگانە زیاتر لە ١٦٧ کرێکار بە هۆی رووداوی کار

20:22 - 23 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکاری ئێرانی بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە ئاماری پزیشکی یاسایی، رووداوکانی کار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گیانی یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکاری ئەستاندووە.

ئاماری پزیشکی یاسایی دەرخەری ئەوەیە کە لەو یەک هەزار و ٥٠٦ کەسەی کە گیانیان لە دەست داوە؛ یەک هەزار و ٤٩٤ کەسیان پیاو و ١٢ کەسی دیکەشیان ژن بوونە.

رەوتی هەڵکشانی مردن بە هۆی رووداوەکانی کار لە ماوەی ساڵی رابردوودا و بەرزبوونەوەی ئەو ئامارە لە ٦٩٧ کەس لە ساڵیت ١٣٨٣ی هەتاویدا بۆ یەک هەزار و ٥٠٦ کرێکار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، دەرخەری دۆخی خراپ و نائەمنی کارگە و کارخانەکان و دابین نەکردنی ئیمەنی پێویست لەلایەن خاوەنکارەکانەوەیە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەست لە رووداوەکانی کار، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی ٦٨٥ کەس واتا لەسەدا ٤٥،٥ زیاترین هۆکاری گیان لە دەستدانی کرێکاران بووە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن: بە هۆی رووداوەکانی کار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٢ هەزار و ٩٤٩ کرێکار بریندار بوونە.

چالاکانی کرێکاریی ئێران بەردەوام لە دۆخی نالەباری ئیمەنی کار لەو وڵاتەدا رەخنەیان گرتووە و ئەو رەخنانە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بەرز بووەتەوە.

مەرگی بێدەنگی کرێکاران (مرگ خاموش کارگران) چەمکێکە کە لە نێوان چالاکانی مافی کرێکاری ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوەکانی کاتی کارکردن، کەڵکی لێوەر دەگیرێت.

ئاویەر. ت