کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندی یەکیەتیی لاوان بەرز راگیرا

15:27 - 1 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بەبۆنەی ٦٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی لاوان، بەڕێوەچوو.
 
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی ٦٩ـەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکرات، ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرچوار بەشی کوردستان، بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی ساتێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ئەم دوایی‌یانەی شەڕی دژ بە تیرۆر، دەستی پێ کرد.
 
پاشان \'\'فواد خاکی‌بەیگی\'\' سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٣٠ی رێبەندان ٦٩ـەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان، پەیامی هەیئەتی ئیجرایی ئەو یەکیەتییەی پێشکەش کرد.
 
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان لەو پەیامەدا پڕژایە سەر رۆڵی رێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات پێشەوا قازی، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە دامەزران و بووژانەوەی یەکیەتیی لاوان لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا و هەروەها تیشکی خستە سەر شێوازی خەباتی ئەو یەکیەتییە لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئێستا و پەیڕەویی ئەو رێکخراوەیە لە شێوازەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو پێشەنگی خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سروودی \'\'لاوی کوردم\'\' لەلایەن کۆڕی مووزیک پێشکەش کرا و دوابە دوای ئەوەش \'\'دوکتور ئەکرەم خامۆش\'\' مامۆستای زانکۆ و شاعیری کوردی شاری کۆیە، شیعرێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
 
دواتر \'\'سەرگوڵ بڕوونووس\'\' بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات، گۆرانییەکی پێشکەش کرد.
 
پاشان ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوان کە تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ تێپەڕیوە، یان ئەندامانە لەمێژینەکانی یەکیەتیی لاوان، بە نیشانەی رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانیان، لەوحی رێزلێنانیان پێشکەش کرا.
 
لە بڕگەیەکی دیکەدا \'\'سەعید ئیزەدی\'\' بە هاوکاریی کۆڕی مووزیک بەو بۆنەوە مەقامێکی خوێند و دوابەدوای ئەوە \'\'رێبوار ئەبووبەکری\'\' شاعیری لاو، شیعرێکی بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو کە لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامەوە \'\'ئاسکە حەسەن‌زادە\'\'وە خوێندرایەوە.
 
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا کار و چالاکیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا (٣٠ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هەتا ٣٠ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی) لە گرتە ڤیدیۆیەکدا پیشان درا.
 
ئەو رێکخراوانەی کە پەیامیان بەبۆنەی ٣٠ی رێبەندان، ٦٩مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو، بریتین لە: 
 
ــ سکرتێری گشتیی ئەنترناسیۆنال سوسیالیستی لاوان، ئەڤین ئینجیر
ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان/ مەکتەبی سکرتاریەت
ــ فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆیە
ــ رێکخراوی ئازادیی لاوان
ــ گرووپی کاری لاوان و قوتابییانی پارتی ئازادیی کوردستان
ــ کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات
ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمیتەی سەنگەسەر
ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە کوردستانی عێراق
ــ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ رێکخراوی ژینگەی سەوز و تەندروست لە کوردستان
ــ رێکخراوی هاندانی ژمێریاران و وردبینان/ دەستەی کارگێڕی
ــ ناوەندی نێزگز، بۆ پەروەردەی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستانی ئێران
ــ رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
ــ رێکخراوی لاوانی پێشڕەو
ــ بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە
ــ ناوەندیی هونەری و رۆشنبیریی سەنگەسەر
ــ تۆڕی چەتری رێکخراوەکان
ــ رێکخراوی گەشەی لاوانی کوردستان
ــ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکرات/ لیژنەی کۆیە
ــ بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ

ژوان .ک