کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ پەیامێکیان بڵاو کردەوە

13:11 - 24 پووشپەڕ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاروێرانی مەهاباد بەبۆنەی ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور ''قاسملوو'' بەڵێنییان نوێ کردەوە کە هەتا دوایین هەناسەکانی ژیان وەفاداری ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بن. 

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ڕێبەری بلیمەتی گەلی کورد کە ٣١ ساڵی بەسەردا تێدەپەرێت، کڕنۆش دەبەین بۆ هزر و هۆشی دێموکراسیخوازانەی ئەو گەورە پیاوە.

لەو ڕۆژەدا دەستی ڕەشی تاوان و تێرۆر، گوڵی سەرچڵی داری دێموکراسیی هەڵوەراند، بەڵام ڕووناکیی ڕێگا و ڕێبازی، ئێستاش کە ئێستایە خەونی لە داگیرکەر تێک داوە و خەوی لە چاوانی داگیرکەر بڕیوە.

ڕێبەرم تاجی سەرم، بڕیاری ڕێبوارانی ڕێگات هەتاهەتاییە و ئاڵای خەباتی هەڵگیرساوت هەر شەکاوە دەمێنێتەوە و  ئاڵای ڕێباز و خەباتت تا وەدیهاتنی ئامانجەکانتان بە هیچ خوێن و خاپوورکردن و هەر خەسارێکی دیکەش بێت ناکەوێت و ناسرەوێت و تۆو و ڕەگ و ڕیشەی چەقێندراوی ئازادیت هەر دەڕەوێت و نابڕێتەوە و ناسرێتەوە.

سڵاو و ڕێز و سەری نەوازش بۆ یاد و ناو و ڕێباز و خوێنی بەناحەق ڕژاوت.

ئەوڕۆ لەگەڵ ڕێبازی پڕ لە سەروەریتان پەیمانی ئەمەگناسی و وەفاداری نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین تا دوایین هەناسەکانی ژیان وەفاداری ڕێگا و ڕێبازت بین و تا وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانت لە هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک نەپڕینگێنەوە و تا سەرکەوتن نەوەستین و تا داگیرکەر دەرنەکەین نەسرەوین.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاروێرانی مەهاباد