کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی بیمە و یارمەتیدانی نەخۆشە تایبەتەکان بەبیانووی ئاڵوگۆڕی بانکیی کڕینی دەرمان

12:03 - 28 خەرمانان 2726

سیستەمی ئابووریی ڕێژیم گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر نەخۆشە تایبەت و بێ‌چارەسەرەکان؛ بە شێوەیەک کە ئاڵوگۆڕی دارایی بۆ کڕینی دەرمان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی دەهەکی ئابووری، بڕینی یارمەتیدان و بێبەشبوونیان لە بیمە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو بڕە پارەی کە نەخۆشەکان لە ڕێگەی قەرز و وامەوە بۆ دەرمان و نەشتەرگەری لە هەژمارەکانیاندا کۆی دەکەنەوە، لەلایەن ڕێژیمەوە وەک :سووڕی بەرزی دارایی" و نیشانەی دەوڵەمەندی ئەژمار دەکرێت.

ڕەخنەگران جەخت دەکەنەوە کە ئەم سیستەمە هەڵەی دەهەکبەندییە، نەخۆشەکانی لە بیمەی خۆڕایی بێبەش کردووە؛ چونکە بەپێی یاساکانی ساڵی ۱۴۰۵، بە بەرزبوونەوەی دەهەک بۆ سەرەوەی ٥، نەخۆش ناچار دەکرێت مافی بیمە لە گیرفانی خۆی بدات.

ئەم کێشەیە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرمانی نێوخۆیی ١٥٠٪ و دەرمانی دەرەکی ٤۰۰ تا ٥٠٠٪ بەرز بووەتەوە و وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمیش ئاماژەی بە کەمبوونی ۳۲ جۆر دەرمان کردووە.

ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژیم لەجیاتی پشتگیری لە توێژە زیانپێکەوتووەکان، بارگرانییە داراییەکانی خستووەتە سەر شانی خەڵک، ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە نەخۆشەکان دەست لە چارەسەر هەڵبگرن یان ژەمی دەرمانەکانیان کەم بکەنەوە.