قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان و پەرەسەندنی گرێبەستە کاتی و ناجێگیرەکان، داهاتووی کاری و خانەنشینیی نەوەی لاوی لە ئێراندا لەگەڵ نیگەرانیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.
کەمبوونەوەی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی خەرجیی نیشتەجێبوون وای کردووە زۆرێک لە لاوان نەک هەر دەرفەتی خانوو کڕینیان نەبێت، بەڵکوو توانای پاشەکەوتکردنیشیان بۆ داهاتوو لەدەست بدەن.
لە ساڵانی دواییدا، کارە پەیمانکاری و پلاتفۆرمییەکان، دەستفرۆشی، کۆڵبەری و پەیکی ماتۆڕی بوونەتە بژارەی سەرەکیی بەشێک لە لاوان بۆ دابینکردنی داهات؛ ئەو کارانەی کە زۆربەیان لە ئەمنییەتی کاری و داپۆشینی تەواوی بیمە بێبەشن.
ئەیووب ڕەحمانی، چالاکی کرێکاری، دەڵێت سیاستە ئابوورییەکانی چەند دەیەی ڕابردوو ئەمنییەتی کاریی بەشێکی گەورە لە کرێکارانی لاواز کردووە و نەوەی نوێ زیاتر بە گرێبەستی کاتی، مووچەی کەم و داهاتوویەکی نادیارەوە دێنە ناو بازاڕی کارەوە.
بە وتەی ناوبراو، بەشێک لە کرێکاران تەنانەت لە بیمەی کرێکاریش بێبەشن و ئەم دۆخەش لە سەردەمی خانەنشینیدا کێشەی زیاتر دەخولقێنێت.