کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی پێنج جار ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا تێک داوە

09:45 - 26 بانەمەڕ 2726

دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران پێنج جار هاتوونەتە سەر هێڵی واژۆکردنی ڕێککەوتنی تەواو لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام لە کۆتا ساتەکاندا پاشەکشەیان کردووە.

ترامپ لەم چاوپێکەوتنەدا بە ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستی تاران وتی: "هەر کاتێک دەگەینە ڕێککەوتن، ڕۆژی دواتر وا هەڵسوکەوت دەکەن کە پێشتر هیچ قسەیەکیان لەگەڵ نەکردبین. ئەمە پێنج جار دووبارە بووەتەوە. کێشەیەک لە کاریاندا هەیە، لە ڕاستیدا ئەوان شێتن". ئەو لایەنەشی زیاد کرد کە بەهۆی ئەم ناڕوونییەوە، نابێت ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.

بەپێی وتەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی لە دانوستانەکانی ئەم دواییانەدا تەنانەت ڕازی بووە کە سەرجەم ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ڕادەست بکات. ترامپ لەمبارەیەوە وتی: "پرسی ئەتۆمی کۆتایی هاتبوو، بڕیار وابوو هەموو شتێکمان تەسلیم بکەن، هەرچییەک کە داوامان کردبوو".

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، ئەو زانیارییانە ڕەت دەکەنەوە کە مەرجەکانی ئەمریکایان قەبووڵ کردبێت. عێراقچی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: "بابەتی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێمە ئاڵۆزە و بۆ گەیشتن بە ئەنجام لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی، پێشنیارمان کردووە کە ئەم بابەتە دوا بخرێت".

لە کۆتاییدا، ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوتا چینییەکەی لەگەڵ ئەودا هاوڕایە کە دەبێت ئەم شەڕ و ئاڵۆزییە کۆتایی پێ بێت.