کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولانا عەبدولحەمید داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سێدارە سیاسییەکانی لە ئێران کرد

09:13 - 26 بانەمەڕ 2726

مەولانا عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی سوننەکانی زاهێدان، لە وتارەکانی نوێژی هەینیی ٢٥ی بانەمەڕدا، بە توندی ڕەخنەی لە زیادبوونی ڕێژەی سێدارەکان لە ئێراندا گرت و جەختی کردەوە کە "سێدارە سیاسییەکان" دەبێت بە خێرایی ڕابگیرێن.

ئەم زانا ناودارە سوننە ڕایگەیاند کە سێدارەی سیاسی لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام و خەلیفەکانی ڕاشدیندا بوونی نەبووە و لەگەڵ ڕێچکە و سیره و ڕەفتاری ئەواندا ناگونجێت.

مەولانا عەبدولحەمید "دانپێدانانی زۆرەملێ"ی بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام، بە دەستووری خودی حکوومەت و یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە دانپێدانانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە بنەمای دەرکردنی حوکمی دادوەری.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لانیکەم ٢٩ کەسی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەوانە سیخوڕی و هەنگاو دژی ئەمنییەتی میللی لەسێدارە داوە.