"نەواف سەلام"، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چیتر ناتوانێت باجی شەڕە بێباکانەکان لەپێناو بەرژەوەندیی هێزە دەرەکییەکاندا بدات. ناوبراو داوای لە وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتگیری لە پێگەی لوبنان لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.
سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە ڕێوڕەسمێکی خێرخوازیدا ڕەخنەی لە حیزبوڵڵا گرت و وتی: لوبنان بە ڕادەی پێویست زیانی لەو سەرکێشییە بێباکانە بینیوە کە لەپێناو پڕۆژە و بەرژەوەندیی دەرەکیدا بوون.
ناوبراو جارێکی دیکە و ناڕاستەوخۆ جەختی لە چەککردنی حیزبوڵڵا کردەوە و وتی کە ئەرتەشی لوبنان دەبێت تاکە هێزی چەکداری وڵات بێت.
سەلام لەو ڕێوڕەسمەدا هیوای خواست کە سەرجەم پاڵپشتییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی لوبنان لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا کۆ بکرێنەوە.
ئەم لێدوانانە کەمێک دوای کۆتاییهاتنی خولی نوێی گفتوگۆکان و درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئێستا بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ هات، کە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.