قەیرانی نەبوونی گاز و کارەبا گەیشتووەتە گرینگترین بەشەکانی پیشەسازیی ئێران و مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر پیشەسازییە هەستیارەکان دروست کردووە.
وەحید یەعقووبی، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەسازییەکانی پۆڵا ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم، باسی لە بەربەستەکان بۆ ڕادەستکردنی گاز بەم پیشەسازییە کردووە.
بە وتەی یەعقووبی بەربەستەکانی گازی پیشەسازییەکانی پۆڵا لە ٢٠ لەسەدەوە دەست پێ دەکات و لە هێندێک لە یەکەکاندا دەگاتە ٥٠ لەسەد کە ئەمە دەبێتە نیوەبوونی گازی پێویست بۆ ئەم پیشەسازییە و لە ئاکامیشدا ٥٠ لەسەدی بەرهەمهێنانی ئەم بەشە کەم دەکاتەوە.
ناوبراو زیادی کردووە کە ئەم بەربەستانە لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا ٣١٠ هەزار میلیارد تمەن لە بەرهەمهێنانی ئەم پیشەسازییەی کەم کردووەتەوە.
بەپێی داتاکان، کەمیی گاز لە ساڵانی ڕابردوودا لە وەرزی زستانەوە دەستی پێ دەکرد بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە ئەم قەیرانی گازە گەیشتووەتە وەرزی پاییز و ئەمساڵیش بۆ وەرزەکانی دیکەش پەرەی سەندووە، بە شێوەیەک کە هەر لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەکارهێنانی مازووت و گازۆئیلی وزەخانەکان بەڕیز ١٠٠ لەسەد و ٨٠ لەسەد بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینیوە.
بەهۆی نەبوونی گازی پێویست بۆ وزەخانەکان و بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی مازووت و تەواوبوونی پاشەکەوتی وزەخانەکانی کەرەج، ئێسفەهان و ئەراک، دەوڵەت ناچار بوو کە بەرهەمهێنانی کارەبا لەم سێ وزەخانە ڕابگرێت.
پێشتر مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی نیگەرانییەکان بۆ سەر تەندروستیی خەڵک، کاری ئەم وزەخانانەی ڕاگرتووە تاکوو چیتر مازووت نەسووتێنن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ئێران لە ورزی زستاندا ڕۆژانە ٢٥٠ تا ٣٠٠ میلیۆن میتری سێجێ کەمیی گازی هەیە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەفیڕۆچوونی ڕۆژانەی ٨٠ میلیۆن میتری سێجێ گاز لە کاتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا بەهۆی نەبوونی کەرەستە و زانستی پێویست لەم بەشەدایە.
جیا لەم بابەتە یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی گازی پێویست لە ئێران، هەناردەکردنی بۆ تورکیە و عێراقە، بە شێوەیەک کە ئەگەر ساڵی ڕابردوو ١٢ میلیارد میتری سێجێ هەناردەی ئەم دوو وڵاتە نەکرابا، وزەخانەکان کەمیی گازیان نەدەبوو و دەیانتوانی بەبێ سووتاندنی مازووت کە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژینگەیە، کارەبای پێویست دابین بکەن.