
هەیاس کاردۆ
چەمکی ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکار لە مێژووی زۆرێک لە نەتەوەکانی جیهاندا ڕۆڵی کاریگەری گێڕاوە. سروشتی ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزمی زاڵ کە هێرشبەر و چەوسێنەرە، لەسەر بنەمای دیفاع لە ناسنامە، کەسایەتی و دیاریکردنی مافی چارەنووسە. بۆ تێگەیشتن لە دروستیی ئەو چەمکە، خەباتی نەتەوەی کورد باشترین نموونەیە. نەتەوەی کورد هەرچەند خاوەن وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، کەچی ناسنامەیەکی مێژوویی، فەرهەنگی و سیاسیی سەربەخۆی هەیە. ئەم ناسیۆنالیزمەی کورد بەدرێژایی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو کە هەستی بە ژێردەستەیی کردووە، بێ ڕاوەستان هەوڵی وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی داوە.
با لە پێشدا بزانین ئەسڵەن ناسیۆنالیزم چییە؟ لە سادەترین پێناسەی خۆیدا، ناسیۆنالیزم بە وشیاریی دەستەجەمعیی نەتەوەیەک دەگوترێ کە ئاشنا بە ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و هەوڵی ڕاگرتنی دەدا. دیارە هەر کەسیش وەک تاک بەو وشیارییە گەیشتبێ و لەپێناو ئازادیی نەتەوەکەیدا خەبات بکا، ناسیۆنالیستە. دیارە ئەو ناسنامەیە دەتوانێ لەسەر بناغەی زمان، کولتوور، مێژوو، خاک و یان ئەزموونی هاوبەش بنیات نرابێ. بەڵام ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی تاک جەمسەری، یان تاک ڕەهەندی نییە. لە مێژوودا دووجۆر ناسیۆنالیزم ئەزموون کراون کە هەر ئێستاش نموونەیان بەرچاو دەکەوێ:
- ناسیۆنالیزمی مەنفی، یان نەرێنی.
- ناسیۆنالیزمی مۆسبەت، یان ئەرێنی؛ ئەوەی ناوم ناوە (ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکار)
یەکەم؛ ناسیۆنالیزمی نەرێنی
ناسیۆنالیزمی نەرێنی کە هەمان دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی بەسەر کۆمەڵگەدایە، زۆر کاولکار و پڕ مەترسییە. ئەوجۆرە ناسیۆنالیزمە کاتێک سەرهەڵدەدا کە نەتەوەیەک، یان دەوڵەتێک خۆی بە مەزنتر و ئەسڵتر لەوانی دیکە بزانێ و بۆ هێنانە ژێر ڕکێفی ئەوانی دیکە دەست بۆ سەرکوت و زەبروزەنگ ببا. مەزنیخوازی، نەفرەت، ڕق، توندوتیژی، دنیا بە چاویلکەی ڕەش و سپی دیتن لە تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی ئەو ناسیۆنالیزمەیە.
نموونەی مێژوویی و کاولکاریی ئەوجۆرە لە ناسیۆنالیزم، فاشیزمی ئەڵمانیی هیتلەرییە کە شەڕی دووهەمی جیهانیی خوڵقاند. جۆرێکی دیکە لەو ناسیۆنالیزمە، شۆڤینیزمی زاڵ بەسەر وڵاتانی وەک ئێران، تورکیە، عێراق و سووریەدایە. سیاسەتی ڕەسمیی هەموو ئەو وڵاتانە سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەی غەیری خۆیانە کە بەداخەوە کورد خۆراکی دایمییان بووە. سیاسەتی گشتیی ئەوجۆرە لە ناسیۆنالیزم کە هەر وەک گوترا لە شکڵی فاشیزم، نازیسم، شۆڤینیزم و شتی وادا خۆی دەردەخا، هێنانە ژێر ڕکێفی هەر ڕەنگ و دەنگێکی جیاواز، بڕینی هەر زمانێکی جیاواز و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکدەستە کە ناوی (میللەت)یان بۆ دیاری کردووە. خودی دەستەواژەی دەوڵەت-نەتەوەش ڕاست لێرەوە سەرچاوەی گرتووە.
دووهەم؛ ناسیۆنالیزمی ئەرێنی، یان بەرهەڵستکار
ئەو ناسیۆنالیزمە کاتێک سەرهەڵدەدا کە نەتەوەیەکی ژێردەست بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی خۆی خەباتێکی بەرابەریخوازانە دەست پێ دەکا. لێرەدا زۆربەی ئەندامانی ئەو نەتەوەیە بەو ڕادەیە لە وشیاری گەیشتوون کە بزانن: یەکەم، ناسنامەی جیاوازیان هەیە؛ دووهەم، مافیان پێشێلکراوە؛ سێهەم، پێویستە بۆ ئەستاندنی ئەو مافە خەبات بکەن. لەو نموونانەی خوارەوەدا دەتوانین ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکار بدۆزینەوە:
- خەباتی گەلانی ئاسیا و ئەفریقا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە سەدەی بیستی زایینیدا.
- بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانەی هیندستان لە دژی بریتانیا.
- بزووتنەوەی دژی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور.
لەو نموونانەدا، ناسیۆنالیزم لەسەر بناغەی ڕق و سەرەڕۆیی بنیات نەنراوە. مەبەستی لەنێوبردنی خەڵکی دیکە نیە. تەنیا هەوڵی گەیشتن بە مافی بەرابەر و کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری دەدا.
کورد، وەک نموونەی هەرە بەرچاوی ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکار!
نەتەوەی کورد بەرچاوترین نموونەی ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکاری لە خۆی نیشان داوە. با بزانین هۆی ئەوە چییە: کورد کە خاوەن زمان، کولتوور، مێژوو، خاک و بیرەوەریی هاوبەشە، کەچی:
- بە زۆرەملێ بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە.
- لانیکەم لە یەک سەدەی ڕابردوودا بەردەوام لەگەڵ سیاسەتی ژێنۆساید، قڕکردن، تواندنەوە، کۆچپێکردن و هی دیکە ڕووبەڕوو بووەتەوە.
- لە بچووکترین مافی ژیانی مرۆڤی سەردەم بەهرەمەند نەکراوە.
بەو حاڵەش هەر وەک دەبینین ناسنامەی خۆی بە باشی پاراستووە. بەو ئاستە لە وشیاری گەیشتووە کە وەدوای کێشەی خۆی بکەوێ و خەباتی لەپێناودا بکا. یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێ و هەوڵی پەرەگرتنی بدا.
ناسیۆنالیزمی کورد لە زاتی خۆیدا لەسەر ئەم خسڵەتانە بنیات نراوە:
١. بەرهەڵستکارانەیە، نەک هێرشبەرانە.
٢. بۆ مانەوە و درێژەی ژیان و کەرامەتی مرۆڤایەتی هەوڵ دەدا.
٣. خوازیاری ئازادی و بەرابەرییە، نەک هێنانە ژێر پێی مافی خەڵکی دیکە.
ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، کورد چۆن دەتوانێ بە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی بگا؟ هەرچەند تا ئێستا ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ گەیشتن بە ئازادی تاقی کراونەتەوە، بەڵام لەوانەیە هێشتا دەرگا ئەسڵییەکە نەدۆزرابێتەوە. بۆ وەی خەباتی هاوبەشمان بەردەوام بێ و لەگەڵ ڕۆحی سەردەمی ئێستا بگونجێ، بە باوەڕی من پێویستە وزە و مێشک و توانای نوێ وەگەڕ بخرێ. ئەم ڕێگایانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتیدەری زیاترمان بن:
یەکەم؛ بردنەسەری وشیاری و یەکگرتوویی زیاتری نەتەوەیی:
هیچ نەتەوەیەک بەبێ بوونی وشیاریی مێژوویی و یەکگرتوویی نێوخۆیی ناتوانێ بە ئازادی بگا. ڕقەبەرایەتیی ناسالم، ململانێ، دەستە و دەستەبازی، پیلانگێڕی دژی یەکتر، ناوچەگەرایی و شتی لەو بابەتانە بەهێزترین چەکی دەستی نەیارانی کوردە بۆ سەرکوتی خۆمان.
دووهەم؛ ناسیۆنالیزمی دێموکراتیک:
ناسیۆنالیزمی کورد دەبێ لەسەر بناغەی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە نەتەوەکانی دیکە خۆی پێناسە بکا. تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ مەقبووڵییەتی جیهانی وەربگرێ و شانسی پەرەگرتنی هەبێ.
سێهەم؛ خەباتی ڕێکخراو و بەردەوام:
لە کاتی ئێستادا نەتەوەی کورد زیاتر لە هەمیشە پێویستیی بە زمانی سیاسەت، دیپلۆماسیی بەهێز، بەشداریی چالاک لە سەحنەی نێونەتەوەیی، دروستکردنی دامەزراوەی مەدەنی و ڕاگەیەنەری بەهێز هەیە. لەگەڵ ئەوانەش، خۆچەکدارکردنی زیاتر و دەستڕاگەیشتن بە چەکی مۆدێڕن و مەشقی دایمی، لە پێویستییەکانە. هێزی سیاسیی خاوەن ئەزموون و نەتەوەیی دەتوانێ داینەمۆی خەباتکارانی ڕێی ئازادی بێ بە شەرتێک لە خەت لانەدا. حیزبایەتی دەبێ تەنیا کەرەستەی گەیشتن بە ئامانج بێ نەک خودی ئامانج.
چوارەم؛ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی:
زمان کۆڵەکەی بوونی نەتەوەیە. هەر قوتابخانەیەک سەنگەرێکی بەهێزی بەرگرییە. هەر کتێبێکی کوردی ئەزموونێکی ژیانە. لەسەرمانە لەو چەکە بە باشترین شێوە کەڵکوەربگرین. بە ونبوونی زمان، نەتەوەش دەفەوتێ.
لە یەک وشەدا، ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکاری کورد هەڕەشە لەسەر هیچ لایەنێک نیە. بەڵکوو هاوارێکە بۆ دادپەروەری و بەردەوامیی ژیان. کورد نایهەوێ کەس بسڕێتەوە، هەر وەک ڕێگەش نادا بیسڕنەوە. مێژوو نیشانی داوە هیچ نەتەوەیەک بۆ هەمیشە لەژێر زوڵمدا نامێنێتەوە. هەر ناسنامەیەک بناخەکەی لەسەر حەقیقەت، فەرهەنگ و بیرەوەریی هاوبەش بنیات نرابێ، درەنگ یا زوو ڕێگای خۆی بەرەو مەنزڵی ئازادی و ئاسوودەیی دەدۆزێتەوە.
قسەی کۆتایی: کاتێک ناسیۆنالیزم لە خزمەت کەرامەتی مرۆڤایەتیدا بێ، نەک مەترسیدار نیە، بگرە شانازییە. با هەموومان لەو شانازییە بەهرەمەند بین.