
شاڕوخ حەسەنزادە
یەکێک لە قووڵترین و درێژخایەنترین تەنگژەکانی پڕۆسەی وەرچەرخانی دێموکراسی لە ئێرانی هاوچەرخدا، قەیرانی بەدیل (ئەلتەرناتیڤ) و نەبوونی یەکگرتوویی لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا بووە. مێژووی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دەیەکانی ڕابردوو دەیسەلمێنێت کە تێپەڕین لە پێکهاتە دەستەڵاتخواز و ناوەندگراکان، بەر لە هەر شتێک، پێویستی بە داڕشتنی بەدیلێکی بەهێز، یەکگرتوو و فرەچەشن هەیە. لەم بنبەستە سیاسییەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەمیشە وەک یەکێک لە چالاکترین و پڕوزەترین ناوچەکانی جوگرافیای سیاسیی ئێران ناسراوە، هەنگاوێکی مێژوویی ناوە. ڕێککەوتنی ستراتیژی و پێنجلایەنەی ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی کورددا، وەرچەرخانێکی گرنگە لەم ناوچەیەدا و وەک "گۆڕانکاریی لە تێڕوانین" (پارادایم) لە تەواوی کایەی سیاسیی ئێراندا ئەژمار دەکرێت.
ئەم هاوئاهەنگییە بێوێنەیەی نێوان "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوی خەبات، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)"، دەرەنجامی گەشەکردنێکی فکری و پێگەیشتنێکی دامەزراوەییە کە ڕەگی لە نێو پڕۆسەیەکی پڕ هەوراز و نشێوی سێزدەساڵەدا هەیە. ئەم ڕێگەیە لە هاوکارییە دوولایەنەکانەوە لە ساڵی ١٣٩١دا دەستی پێکرد، لە نێو جەرگەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦دا بە دامەزراندنی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان" شێوەی گرت و لە کاتی بزووتنەوەی ١٤٠١ (بزووتنەوەی ژینا) گەیشتە لووتکە. لەو قۆناغە مێژووییەدا سەلمێندرا کە کوردستان خاوەنی ناوەندێکی سیاسیی ژیر و لێهاتووە کە دەتوانێت ئیرادەی فرەدەنگیی شەقام ڕێک بخات و وەک هێزێکی سیاسیی مەدەنی، کاریگەرییەکانی خۆی دەربخات.
دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە پەیوەندییە ئۆرگانیکییەکەی نێوان بزووتنەوەی ژینا و ئەم هاوپەیمانییەی ئێستا، بە هیچ شێوەیەک ڕێکەوت نییە. کوردستان کە پێشتر بە داهێنانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" توانیبووی ڕێنسانسێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ تەواوی ئێران بگوازێتەوە، ئێستا بەم هاوپەیمانییە مۆدێلێکی "ئاوەزمەندیی سیاسی" پێشکەش دەکات. لە بارودۆخێکدا کە ناوکی سەختی دەستەڵات لە تاران لەگەڵ قەیرانە ئاڵۆزەکانی شەرعییەت، داڕمانی ئابووری و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیدا دەستەویەخەیە، نەبوونی بەدیلێکی ڕێکخراو هەمیشە گەورەترین کارتی سەرکەوتنی ڕژێم بووە بۆ مانەوە. ئەم هاوپەیمانییە نیشانی دا کە ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت لە فەزای سست و دەرکردنی بەیاننامە بێکاریگەرەکان بێتە دەرەوە و بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی مەیدانی و پێگەی کۆمەڵایەتی، بەدیلێکی ئەرێنی (ئیجابی) بخوڵقێنێت.
بەڵام ئەوەی ڕێککەوتنی ٣ی ڕەشەممە لە هەموو هەوڵەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، تێپەڕینی یەکجاریی ئەم حیزبانەیە لە لۆژیکی هاوکارییە تاکتیکی و کاتییەکان بەرەو "بنیاتنانی بەرەیەکی دامەزراوەیی". بە سەرنجدان لە دەقی ئەم ڕێککەوتنە و شێوازی ڕیزبەندیی هێزەکان تێیدا، زاڵبوونی جۆرێک لە تێگەیشتنی قووڵی ڕاستیبینیی سیاسی (ڕیاڵیزم) بە ڕوونی دیارە. گرنگیی ئەم بەرە مێژووییە ئەو کاتە دوو هێندە دەبێت کە بەبیری بهێنینەوە حیزبەکانی کوردستان لە دەیەکانی ڕابردوودا نەک هەر لەگەڵ دەزگای سەرکوتی حکومەتی ناوەندیدا لە خەباتدا بوون، بەڵکوو لە هەندێک قۆناغدا باجی قورسیان بۆ ڕکابەری و بەرهەڵستییە نێوخۆییەکان داوە. بۆیە، دانیشتن لە دەوری یەک مێز و واژۆکردنی بەڵگەنامەیەک کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات، نیشانەی تێپەڕینێکی بوێرانەیە لە برینەکانی ڕابردوو و گەیشتنە بە ئاستێک لە لێبووردەیی و پێگەیشتنی ئاوەزمەندانە و دێموکراتیک کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ لە تەنگژەی ئەمڕۆدا، شتێکی ناوازە و ئیلهامبەخشە.
گرنگترین دەسکەوتی تیۆری و پراکتیکیی ئەم هاوپەیمانییە، چارەسەرکردنی دژبەریی "نەریت و مۆدێرنیتە"یە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا. کۆبوونەوەی لایەنێک بە پێگەیەکی ئایینی-نەریتی لەپاڵ لایەنێکی تر بە پێشینەی چەپی کۆمۆنیستی و خوێندنەوە نوێیەکان بۆ دێموکراسی و تەنانەت سەربەخۆییخوازی، لەگەڵ حیزبێکی نەتەوەیی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهێز و تەمەنی ٨٠ ساڵەوە، نیشانەی سازانێکی مێژووییە لەسەر چەمکە بنەڕەتییەکان. قبووڵکردنی هاوکاتی بنەماکانی وەک "مافی چارەی خۆنووسین" لەگەڵ پابەندبوونی بێمەرج بە "سێکۆلاریزم"، "دادپەروەریی ڕەگەزی" و "پاراستنی ژینگە"، کوردستانی لە جوگرافیایەکی جێگەی ناکۆکییەوە بۆ جوگرافیایەکی پێشەنگ لە پێکهاتەسازیی مەدەنیدا بەرز کردووەتەوە.
لە شیکارییەکی گشتگیردا، ئەم هاوپەیمانییە پەیامێکی ڕاشکاو و کردەیی بۆ تەواوی جوگرافیای سیاسیی ئێران دەنێرێت؛ ئەوەی کە پەیمانی نێوان بژاردەکان و هێزە جیاوازەکان نەک هەر ئەگەری هەیە، بەڵکوو تاکە ستراتیژیی دەرچوونە لە بنبەستی ئێستا. ئەم حیزبانە بە جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی ماف و ئازادیی نەتەوەی کورد و چۆنیەتیی داڕشتنی پێکهاتەی داهاتووی ئێران، ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی کورد و دامەزراندنی قەوارەیەکی نەتەوەیی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەوان مۆدێلێکی نوێ لە دابەشکردنی دەستەڵات پێشنیاری ڕای گشتی دەکەن؛ مۆدێلێک کە وڵامێکی پێکهاتەییە بۆ چەندین دەیە هەڵاواردنی سیستماتیک، پەراوێزخستنی ئابووری و سەرکوتی کولتووری. لەم تێڕوانینە پێشنیارکراوەدا، هاوپێوەندی و مانەوە لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا وەک گرێبەستێکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دانپێدانانی یەکتر و بەشداریی ئارەزوومەندانە، یەکسان و ئازادانەی هەموو نەتەوەکان پێناسە دەکرێتەوە.
ئەم جووڵە بێوێنەیە، تۆپەکەی خستووەتە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە تاوەکو بە نموونەوەرگرتن لەم مۆدێلە، لە پەراوێزکەوتوویی تێپەڕن و بەرەیەکی فراوان پێکبهێنن. هاوپەیمانیی ٣ی ڕەشەممە سەلماندی کە پلۆرالیزم و فرەیی حیزبی، بە پێچەوانەی تێڕوانینە تەسکەکان، هۆکاری لاوازی نییە، بەڵکوو ژێرخانی دەستەڵاتێکی شەرعییە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ وەک "تاقیگەیەکی دێموکراسی" کار دەکات؛ شوێنێک کە نیشانی دەدات دەکرێت ئەو بۆشاییە دەستەڵاتەی لە دەرەنجامی داڕمانی ئەگەریی سیستەمی ئێستادا دروست دەبێت، بە ئاوەزمەندی، تەدبیر و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی پڕ بکرێتەوە. ئەم هاوپەیمانییە ئێستا لە ڕووداوێکی ناوچەیی زیاترە و ڕۆڵی قیبلەنمایەکی جێی متمانە بۆ وەرچەرخانی دێموکراتیکی هەموو نەتەوەکانی ئێران دەگێڕێت.