
ئەسکەندەر جەعفەری
لە ساڵنامەی جیهانیدا ڕۆژی زمانی دایک تەنیا بۆنەیەکی کولتووری نییە. ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی پەیوەندیی قووڵی نێوان زمان و شوناس و کەرامەتی مرۆڤە. وەک یونسکۆ جەختی لەسەر دەکاتەوە، فرەچەشنیی زمانەوانیی کۆمەڵگە، میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتییە و پاراستنیشی بەشێک لە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. بەڵام بۆ هەندێک نەتەوە وەک کورد ئەم ڕۆژە تەنیا دروشمێکی کولتووری نییە. ڕۆژی زمانی دایک ڕۆژی خۆڕاگری لە دژی نکۆڵیکردن و ئاسمیلەبوون و سیاسەتە کۆلۆنیالیستییە دێرینەکانە کە زمانی کوردییان لە پێناو بێدەنگکردنی نەتەوەی کورد کردووەتە ئامانج.
لە جوغرافیای کوردستاندا زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە، بەڵکو قەڵای یەکەمی پاراستنی بوونی نەتەوەیە. لە سەدەکانی ڕابردوودا حکوومەتەکان لە ڕێگەی سیاسەتی ئاسمیلەکردن و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و گۆڕینی ناوی شار و گوند و شەقام و شاخ و هەر شتێک کە ناسنامەی کوردیی پێوە بوو، هەوڵی شکاندنی ئەو قەڵایەیان داوە. ئەزموونی مێژوویی کورد ئەوە دەردەخات کە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی زمانی دایکی پێشمەرجێک بۆ بێبەشکردن لە بواری سیاسی و ئابوورییدایە. چونکە زمانێک کە لە پەروەردە و ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەریی وڵاتدا بێبەش کراوە، وردە وردە لە یادەوەریی فەرمی و دواتر لە مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی دوور دەخرێتەوە.
تێڕوانینی دژە فاشیستیی کورد بە وردی لەو ئەزموونە مێژووییەوە سەرهەڵدەدات. فاشیزم، بە هەموو شێوەکانیەوە، لەسەر حااکردنی فرەچەشنی و سەپاندنی شوناسێکی باڵاتر بنیات نراوە. کاتێک دەوڵەت یان ئایدۆلۆژیای باڵادەست تەنیا یەک زمان و چیرۆکی پێ ڕەوایە، مافی ژیانی شوناسەکانی دیکە ڕەتدەکاتەوە. لە بەرامبەر ئەم لۆژیکە، پاراستنی زمانی دایک، کارێکی دێمۆکراتیک و دژە فاشیستییە. چونکە جەخت لەسەر بنەمای یەکسانیی کولتووری و مافی فرەچەشنیی کۆمەڵگا دەکات.
لە لایەکی دیکەوە پرسی زمانی کوردی لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شیکاری دەکرێت. دابەشبوونی خاکی کوردستان لەنێوان چەند دەوڵەتێکدا لەدوای ڕووخانی ئیمپڕاتووریی عوسمانی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی نەتەوەی کورد، دەسەڵاتێکی داگیرکەری دروست کرد کە تیایدا کورد خرایە نێو دۆخێکی "دوورخراو"دا. لەم جۆرە هەلومەرجەدا زمان بووەتە هۆکاری سەرەکیی ململانێ. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کە ئایا نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە زمانەکەی لە کایەی گشتی و فەرمیدا بە کار بهێنێت؟ زۆر جار وەڵامی داگیرکەران نەرێنی بووە. ئەگەریش هەندێک جار وەڵامەکە بە ڕواڵەت ئەرێنی بووبێ، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی جێبەجێ کراوە.
لێرەدا گرینگیی بیرۆکەکانی فرانتس فانۆن دەردەکەوێت. فانۆن لە شیکارییەکانیدا بۆ کۆلۆنیالیزم دەنووسێت کۆلۆنیالیست نەک هەر خاک داگیر دەکات، بەڵکو عەقڵ و زمانی نەتەوەی کۆلۆنیکراویش داگیر دەکات. بە بڕوای فانۆن، کۆلۆنیالیزم بە بێڕێزیکردن بە زمانی خەڵکی ناوچەی کۆلۆنیکراو و سەپاندنی زمانی داگیرکەر، جۆرێک لە خۆنامۆبوون لای نەتەوەی داگیرکراو دروست دەکات. فانۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕزگاریی نەتەوەیی، تەنیا پرۆسەیەکی سیاسی نییە بەڵکو گەڕانەوەی کەرامەتی کولتووری و زمانەوانیش لەخۆدەگرێت. ئەگەر ئەم شیکارییە لەسەر بارودۆخی کورد جێبەجێ بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە خەبات بۆ پەروەردە و دانپێدانانی زمانی کوردی بەشێک لە خەباتی ڕزگاریی نەتەوەییە.
ڕۆژی زمانی دایک دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دووبارە ئەم پەیوەندییە ڕوون بکەینەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا کورد بە دامەزراندنی قوتابخانەی نافەرمی و بڵاوکردنەوەی کتێب و بڵاوکراوە بە زمانی کوردی و پەرەپێدانی ئەدەب و هونەری هاوچەرخ نیشانی دا کە زمانەکەی زیندووە. بەڵام ژیانی کولتووری، بەبێ گەرەنتیی مافە سیاسییەکان، هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە. تا ئەو کاتەی مافی چارەی خۆنووسین بە فەرمی نەناسرێت، هەر دەستکەوتێکی کولتووری دەتوانرێت بە فەرمانی سیاسی سنووردار بکرێت یان قەدەغە بکرێت.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانیش پرەنسیپێکە کە لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانپێدانراوە. ئەگەر نەتەوەیەک زمان و کولتوور و مێژوو و خاکێکی هاوبەشی هەبێت، ناتوانرێت لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێبەش بکرێت. خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا، خۆخافڵاندنێکی سیاسی نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دەستەبەرکردنی هەمیشەیی مافە نەتەوەییەکان. ئەو مافانەی کە بریتین لە پەروەردە و بەڕێوەبردنی کوردستان و گەشەپێدانی ئابووری و پاراستنی ناسنامەی کولتووری.
ڕەخنەگرانی سەربەخۆیی، هەندێک جار ئەم هەوڵە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبینن، بەڵام ئەزموونەکان دەریانخستووە کە سەرکوتکردنی شوناسەکان و نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکان هۆکاری سەرەکیی ناکۆکین. ئاشتیی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک بەدی دێت کە پەیوەندی نێوان گەلان لە سەر بنەمای یەکسانی و ڕەزامەندیی یەکتر بن نەک بە زەبری هێز و ئینکار. لە ڕوانگەی زۆرێک لە چالاکانی کوردەوە، سەربەخۆیی، ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون و خۆپاراستن لە بەردەوامیی زوڵم و چەوساندنەوەیە. زوڵمێک کە تێچووی قورسی مرۆیی و ئابووریی بەسەر هەموو دانیشتوانی ناوچەکەدا سەپاندووە.
هاوکات زمانی دایک ڕۆڵی بڕبڕەی پشتی ئەم پڕۆژە ڕزگارکەرە دەگێڕێت. ئەو زمانەی هەڵبەستی پێ دەنووسرێت و مێژوو دەگێڕێتەوە و خەونی ئازادی دەردەبڕێت، تەنیا ئامرازی پەیوەندیگرتن نییە، بەڵکو ئەو ماڵەیە کە نەتەوەیەک خۆی تێدا دەناسێنێت. کاتێک منداڵ بتوانێت بە زمانی دایکی فێر بێت و بیر بکاتەوە و وەبەرهێنان بکات، هەستی گەشەکردن و متمانە بەخۆبوونی بەهێزتر دەبێت. بە پێچەوانەوە ئینکاری ئەم مافە کەلێنێکی قووڵ لە نێوان شوناسی تاک و بەکۆمەڵدا دروست دەکات. بۆیە بۆ کورد ڕۆژی زمانی دایکی بیرهێنانەوەیەکە کە ململانێی کولتووری و سیاسی لە یەک جیا ناکرێتەوە. مافی پەروەردە بە زمانی کوردی، دروستکردن و پاراستنی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردی و هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەم زمانە لە هەموو ئاستەکانی دەستهەڵاتدا هەنگاوگەلێکن بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی. وەک فانۆن گوتی ڕزگاری بەبێ بنیاتنانەوەی کولتووری بەدی نایەت و کەموکورتیی خۆی هەیە. کولتووریش بەبێ دەسەڵاتی سیاسی بە لاوازی دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ لە جیهانێکدا کە زیاتر لە هەموو کاتێک باس لە فرەچەشنی و فرەکولتوری دەکرێت، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی فرەچەشنی لە قبوڵکردنی گەلانی وەک کورددایە. ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیە بنەماکانی یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسین بپارێزێ؟ یان بەرژەوەندیی ژیۆپۆلیتیک، مافی گەلان پێشێل دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئایندەی زمانی کوردی و چارەنووسی سیاسیی کوردستان دیاری دەکات. بەڵام ئەوەی نکۆڵیی لێ ناکرێ، ئەمەیە کە تا ئەو کاتەی کە زمان لە ناو نەچێ، خەونی ئازادی بەردەوام دەبێت. ڕۆژی زمانی دایکی بیرهێنانەوەی ئەم پەیوەندییە نەشکاوەی نێوان وشە و ئازادییە. پەیوەندییەک کە هیچ سیاسەتێکی ئینکارکەر ناتوانێت بیشکێنێت.